کۆسۆڤۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-11-26-14:43:00 - کۆدی بابەت: 11656
کۆسۆڤۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆسۆڤۆ (بە ئینگلیزی: Kosovo، بە عەرەبی: کوسوفو، بە ئەلبانی: Kosova)، بە فەرمی کۆماری کۆسۆڤۆ (بە ئینگلیزی: Republic of the Kosovo)، وڵاتێکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و دەکەوێتە ناوەڕاستی نیمچەدورگەی باڵکان. ئەم وڵاتە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سڕبیا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ مەقدۆنیای باکوور، لە باشووری ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەلبانیا و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ مۆنتینیگرۆدا هاوسنوورە. ڕوبەری وڵاتەکە ١٠،٨٨٠ کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانەکەشی بەپێی خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ ١٧٦١٩٨٥ کەسە. پایتەخت و گەورەترین شاری کۆسۆڤۆ پریستینایە.

زانیاری گشتی

ناو کۆسۆڤۆ، بە فەرمی کۆماری کۆسۆڤۆ
پایتەخت و گەورەترین شار پریستینا
حکوومەت کۆماری پەرلەمانی یەکگرتوو
سەرۆکی وڵات ڤیۆسا عوسمانی
زمانی فەرمی ئەلبانی و سیبری
زمانی ناوچەیی بۆسنەیی، تورکی و ڕۆمانی
ڕووبەری گشتی ١٠.٨٨٠ كم٢
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ ١٧٦١٩٨٥
چڕیی دانیشتووان ١٦٢/كم٢
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
کۆدی تەلەفۆن ٣٨٣+
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان موسوڵمان
یەکەی دراو یۆرۆ () (EUR)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٣ ١٠،٤٦٩ ملیار دۆلار

مێژوو و ئابووری وڵاتەکە

ناوی کۆسۆڤۆ (Kosovo) لە ناوی شوێنێکی سڕبیەوە وەرگیراوە کە بە واتای "کێڵگەی باڵندە ڕەشەکان" دێت. دوای ئەوەی کۆسۆڤۆ وەک ناوەندی ئیمپراتۆریەتێکی سەدەی ناوەڕاستی سڕبیا خزمەتی کرد، لە ناوەڕاستی سەدەی ١٥ تا سەرەتای سەدەی بیستەم لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە حوکمڕانی دەکرا، لەو قۆناغەی کە ئیسلام پەرەی سەند و ژمارەی دانیشتووانی ئەلبانی زمان لە ناوچەکەدا زیادی کرد. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کۆسۆڤۆ وەک بەشێک لە سڕبیا یەکخرا، تا ١٧ـی شوباتی ٢٠٠٨ سەربەخۆیی خۆیی لە سڕبیا ڕاگەیاند، هەتا ئێستاش سڕبیا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ نایناسێنێت و بە بەشێک لە خاکی خۆیی دادەنێت. بەڵام ١٠٢ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان لە سەروەریبوونی ناوە. کۆسۆڤۆ وڵاتێکی گەشەسەندووە، ئابوورییەکی سەروو مامناوەندی هەیە و لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی ئابووری تۆکمەی بەخۆیەوە بینیوە. کۆمارەکە ئەندامی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانکی جیهانی، EBRD، کۆمیسیۆنی ڤێنیز، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتیە و داوای ئەندامێتی لە ئەنجومەنی ئەورووپا، یونسکۆ، ئینتەرپۆل، و پۆستی چاودێر لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی پێشکەش کردووە. جگە لەوانەش، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ـدا داواکارییەکی فەرمی بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا تۆمار کرد. سەرەڕای قەیرانی دارایی ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ و قەیرانی قەرزی ئەورووپا، ئابووری کۆسۆڤۆ لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییەوە گەشەی کرد و ڕێژەی هەڵاوسان نزم بوو. گەشەی ئابووریی کۆمارەکە لە کەرتەکانی بازرگانی، بازرگانی وردە و بیناسازیدا بووە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٨ـی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی نزیکەی یەک لەسەر شەشی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و یەک لەسەر سێی ئەوانەشی لە تەمەنی کارکردندان بێکاران، کە بەرزترین ڕێژەیە لە ئەورووپا. وڵاتانی ئەلبانیا، ئیتاڵیا، سویسرا، چین، ئەڵمانیا و تورکیا گەورەترین هاوبەشی بازرگانی کۆسۆڤۆن. کەرتی خزمەتگوزاری ٥٤%ـی بەرهەمی ناوخۆیی پێک دەهێنێت و نزیکەی ٥٦.٦%ـی دانیشتووانەکەی دامەزراندووە، کەرتی پیشەسازی ٣٧.٧%ـی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێناوە و نزیکەی ٢٤.٨%ـی هێزی کار بەکار دەهێنێت. لە کاتێکدا،کەرتی کشتوکاڵ تەنها ٦.٦%ـی بەرهەمی ناوخۆیی پێک دەهێنێت، هەرچەندە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٠.٥ زیادیکردووە، بەڵام ١٨.٩%ـی هێزی کاری کۆسۆڤۆ پێک دەهێنێت، کە بەرزترین ڕێژەی کاری کشتوکاڵی ناوچەکەیە لە دوای ئەلبانیا. هەریەک لە وزە، گەشتیاری و گواستنەوە بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێک دەهێنن.

کەشوهەوا

کۆسۆڤۆ وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە و دەکەوێتە ناوەندی نیمچە دوورگەی باڵکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. ئەم وڵاتە دەکەوێتە نێوان هێڵەکانی پانی ٤٢° و ٤٣°ـی باکوور و هێڵەکانی درێژی ٢٠° و ٢٢° ڕۆژهەڵات. بە شێوەیەکی گشتی کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی کۆماری کۆسۆڤۆ کیشوەرییە و کاریگەری دەریای سپی ناوەڕاست و ناوچە شاخاوییەکانیان لەسەرە. ساردترین ناوچەکانی وڵات کەوتونەتە ناوچەی شاخاویی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ئەوپەڕی باشوور کە دەکەونە نزیک سنووری ئەلبانیا بەزۆری گەرمترین ناوچەکانی وڵاتن. تێکڕای پلەی گەرمیی مانگانە لە نێوان سفر پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم بۆ ٢٢ پلەی سەدیدا لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. هەروەها تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ١،٣٠٠ مللیمەتردایە. باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆسۆڤۆ وشکترە و بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت و زیاتر لەژێر کاریگەری بارستە هەوای کیشوەریدایە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستانی ساردترە و مانگەکانی وەرزی هاوینی زۆر گەرمە. باشووری ڕۆژئاوای وڵات زیاتر کاریگەری دەریای سپی ناوەڕاستی لەسەرە و مانگەکانی هاوینی گەرمترە، جگە لەوەش بارانبارین تا ڕادەیەک زیاترە و ساڵانە ٧٠٠ مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.

تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی کۆسۆڤۆ ٩.٥ پلەی سەدییە. گەرمترین مانگ مانگی تەممووزە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٩.٢ پلەی سەدیە، بەڵام ساردترین مانگ مانگی کانوونی دووەمە کە پلەی گەرمی تێیدا بۆ ١.٣- پلەی سەدی دادەبەزێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نوسینگەی ئامار ژمارەی دانیشتووانی کۆماری کۆسۆڤۆی لە ساڵی ٢٠٢١ـدا بە نزیکەی ١.٧٧٤٠٠٠ کەس خەمڵاند. لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا، تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی وڵاتەکە ٧٩.٦٨ ساڵە؛ ٧٧.٣٨ ساڵ بۆ نێرەکان و ٨١٨٧ ساڵ بۆ مێیەکان. هەروەها ڕێژەی بەپیتی ئافرەتانی کۆسۆڤۆ لە ساڵی ٢.٢٣ـدا ١.٨٨ منداڵ بوو بۆ هەر ژنێک. وڵاتەکە ١١ـەیەم قەرەباڵغترین وڵاتی باڵکان و ١٤٨ـەم قەرەباڵغترین وڵاتی جیهانە. ژمارەی دانیشتووانی کۆمارەکە لە ماوەی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەوە، لە ساڵی ١٩٩٨ـدا ژمارەی دانیشتووان گەیشتە لووتکە و بە ٢.٢ ملیۆن کەس خەمڵێندرا، پاشان و بە تێپەڕبوونی کات شەڕی کۆسۆڤۆ و کۆچەکانی دواتر بوونە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانەکەی.

نەتەوە

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ئەلبانییەکان زۆرینەی دانیشتووانی کۆسۆڤۆیان پێکهێنا کە بە ڕێژە ٩٢%ـی دانیشتووانی وڵات بوون، پاشان سربییەکان هات کە بە ڕێژەی ٤%ـی دانیشتووان، بۆسنەییەکان ٢٪ـی دانیشتووان، تورکەکان ١%ـی دانیشتووان، ڕۆمانییەکان ١٪ـی دانیشتووان و گۆرانییەکان زیاتر لە ١٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا.

زمان

زمانە فەرمییەکانی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ دوو زمانن، ئەوانیش بریتین لە زمانەکانی ئەلبانی و سڕبی. دامەزراوەکان ناچارکراون دەستەبەری بەکارهێنانی یەکسانی هەردوو زمانە فەرمییەکەی کۆسۆڤۆ بکەن. فەرمانبەرانی سیڤیلی شارەوانییەکان پێویستە لە شوێنێکی پیشەییدا تەنیا بە یەکێک لە دوو زمانە فەرمییە بدوێن و بە گوێرەی نوێنەری زمانی کۆسۆڤۆ (سلاڤیسا ملادینۆڤیچ)، هیچ ڕێکخراوێکی حکوومی بوونی نییە کە هەموو بەڵگەنامەکانی بە هەردوو زمانەکە لەبەردەستدا بێت. هەروەها، زمانی تورکی، بۆسنی و ڕۆمانی لە ئاستی شارەوانیدا پێگەی زمانی فەرمییان هەیە. زمانی ئەلبانی وەک زمانی یەکەم لەلایەن هەموو ئەلبانییەکان و هەندێک خەڵکی ڕۆمانییەوە قسەی پێ دەکرێت. لە کاتێکدا زمانەکانی سڕبی، بۆسنی و تورکی زمانی یەکەم لەلایەن کۆمەڵگاکانیانی خۆیانەوە قسەیان پێ دەکرێت.

ئایین

ڕێژەی سەدی

ئایین لە کۆسۆڤۆ

٩٥.٦%

ئیسلام

٣.٧%

مەسیحی

٢.٢%

کاسۆلیکی ڕۆمانی

١.٥%

ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات

٠.١%

بێ ئایین

٠.١%

ئایینەکانی تر

٠.١%

ئەوانەی ئایینەکانیان دیاری نەکردووە

کۆسۆڤۆ وڵاتێکی سێکولارە و هیچ ئایینێکی سەرەکی نییە؛ ئازادی بیروباوڕ و ئایین لە دەستووری کۆسۆڤۆدا بە ڕوونی گەرەنتی کراوە. لەڕووی ئازادی و یەکسانی ئایینییەوە کۆسۆڤۆ لە پلەی یەکەمی وڵاتانی ئەورووپای باشوور و لە پلەی نۆیەمی وڵاتانی جیهاندایە. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا، ٩٥.٦%ـی دانیشتووانی کۆمارەکە بە موسڵمان و ٣.٧%ـی دانیشتووان وەک مەسیحی هەژمارکران، لەو ڕێژەیەش ٢.٢%ـیان پەیڕەوکەرانی ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانی و ١.٥%ـیان پەیڕەوکەرانی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتن. لەگەڵ ئەوەشدا، ٠.٣%ـی دیکەی دانیشتووان ئەوەیان ڕایانگەیاندووە کە سەر بە هیچ ئایینێک نین، یان سەر بە ئایینێکی دیکەن، یان وەڵامێکی گونجاویان نەدایەوە. سەرەڕای ئەوەی پرۆتستانتەکان لەلایەن حکوومەتەوە وەک گرووپێکی ئایینی ناسێندرابوون، بەڵام ڕێژەی پەیڕەوکرانی لە لایەن دانیشتووانەوە نەخرایەڕوو. ئایینە ئیسلام پەیڕەوکراوترین ئایینە لە کۆسۆڤۆ و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەلایەن عوسمانییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناوچەکە. ئەمڕۆ کۆسۆڤۆ لە دوای تورکیاوە خاوەنی دووەم زۆرترین ژمارەی موسڵمانانە بە ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە ئەورووپا. زۆربەی دانیشتووە موسڵمانەکانی کۆسۆڤۆ سەر بە نەتەوەکانی ئەلبانی، تورک و سلاڤییەکانی وەک گۆرانی و بۆسنەیین.


سەرچاوەکان



634 بینین