حەلەب

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-06-12:25:00 - کۆدی بابەت: 7934
حەلەب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەلەب (بە ئینگلیزی: Aleppo، بە عەرەبی: ﺣَﻠَﺐ)، شارێکە لە سوریا و وەکوو پایتەختی پارێزگای حەلەب خزمەت دەکات، کە قەرەباڵغترین پارێزگای سوریایە، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە لە ساڵی 2010دا بە 4.6 ملیۆن کەس خەمڵێنرا، ئەم شارە بۆ ماوەی چەند سەدەیەک گەورەترین شاری ناوچەی سوریا و سێیەم گەورەترین شاری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو لە دوای قستنتینیە (شاری ئەستەمبوڵی ئێستا) و قاهیرە.

ئەم شارە نازناوی "پایتەختی ڕۆشنبیری ئیسلامی 2006" ی بردەوە، شەڕی حەلەب لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا و لە ساڵانی 2012 بۆ 2016 لە شارەکە ڕوویدا و بەشێکی زۆری شارەکە تووشی وێرانکاری بوو و نزیکەی 31 هەزار کەس کوژران، لە ئێستادا خەریکی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانەن کە لە شەڕەکەدا زیانیان پێ گەشتووە.

مێژووی حەلەب

حەلەب یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان و مێژووی جێگیربوونی دانیشتوانی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش زایین، شوێنەوارە هەڵکۆڵراوەکانی ناوچەی تەل سودە و تەل ئەنساڕی (تل السودة و تل الأنصاري)، لە باشووری شاری کۆنی حەلەب ئەوە نیشان دەدەن کە ئەو ناوچەیە سێ هەزار ساڵ پێش زایین لەلایەن ئامۆریتەکانەوە داگیرکراوە. مێژووی دوورودرێژی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی ستراتیجی شارەکە که وەکوو ناوەندێکی بازرگانی نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا ڕۆڵی گێڕاوە.

دانیشتوان و ڕووبەری شارەکە

شاری حەلەب لەنێو کۆنترین شارەکانی جیهاندایە و ئەمەش بەو واتایە دێت کە شارەکە پشکی خۆی لە شەڕەکاندا بەرکەوتووە، ئەم شارە وێرانکاری زۆری بەخۆیەوە بینیووە و بەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دانیشتوانەکەی هەبووە، لە ساڵی 1994دا 1,602,264 کەس شاری حەلەبیان بە نیشتیمانی خۆیان دەزانی، پاشان و بەگوێرەی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتوانی حەلەب بەنزیکەیی بۆ دوو ئەوەندە زیادی کردوو و گەشتە 2,132,100 کەس، هەروەها شارەکە ڕووبەری 190 کیلۆمەتر دووجا داگیر دەکات.

زمان

کولتوورە هەمەجۆرییەکەی شاری حەلەب بووەتە هۆی ئەوەی کە دانیشتوانی شارەکە بە چەندین زمانی جیاواز قسه بکەن، زمانی زاڵ لە ناوچەکەدا زمانی عەرەبییە و قسەپێکەرانی بە چەند شێوەزارێکی جیاوازەوە کۆی گشتی 89٪ دانیشتوان پێک دەهێنن، ئەو کەسانەشی کە لە بەشی ڕۆژئاواوە نزیکن بە شێوەزاری ڕۆژهەڵاتی دەدوێن، لە کاتێکدا دانیشتوانی بەشی باکووری ڕۆژهەڵات بە زمانی کوردی دەدوێن. ئەو شێوەزارانەی تر کە لە سەرانسەری شارەکەدا بەکاردێن بریتین لە تورکی و سریانی کلاسیکی. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە دانیشتوان بە زمانەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزی دەدوێن.

گروپە نەژادییەکانی شاری حەلەب

پێکهاتەی نەژادی شاری حەلەب بە بەراورد بە زۆربەی شارەکانی دراوسێی تا ڕادەیەک هەمەجۆرە، دانیشتوانی ئەم شارە بە شێوەیەکی سەرەکی عەرەبن و 59.2٪ی تەواوی دانیشتوان پێکدێنن، عەلەوییەکان 11.3٪ی دانیشتوان، ڕۆژهەڵاتییەکان 9.3٪ پێکدێنن، هەروەها کوردەکان 8.9٪، دروزییەکان 3.2٪، ئیسماعیلییەکان 2.1٪ و نوسریس 1.3٪. لە شاری حەلەبدا چەند نەژادێکی تر هەن، بەڵام ڕێژەیەکی کەم لە کۆی گشتی دانیشتوان پێکدێنن.

ئایین

گروپی ئایینی سەرەکی لە شاری حەلەبدا موسڵمانانی ڕێبازی سوننەن و 74٪ی دانیشتوان پێکدێنن، موسڵمانی پەیڕەوانی ڕێبازەکانی تر زیاتر 16٪ی دانیشتوان پێکدێنن و نزیکەی 10٪ی دانیشتوانیش ئایینی مەسیحییەت پەیڕەو دەکەن، ئایینەکانی تر لە ناو حەلەبدا زۆر کەمن ئەوانیش بریتین لە ئەرسۆدۆكسی یۆنانی، ئەرسۆدۆكسی ئەرمەنی و کۆمەڵگە جوولەکەکان. هەروەها ئایینێکی کۆنی بچووکیش لەناو حەلەبدا هەیە کە لەلایەن ئێزدییەکانەوە پەیڕەو دەکرێت و بەشێکی کەم لە دانیشتوانەکە پێکدەهێنێت کە لە گوندە بچووکەکان و ناوچەکانی دەوروبەری حەلەبدا دەژین.

لەڕووی جوگرافییەوە

شاری حەلەب نزیکەی 120 کیلۆمەتر لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە دوورە، لەسەر زەوییەکی تەختە و 380 مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا 45 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی بازگەی سنووریی سوریا و تورکیا لە (باب ئەلهەوا)وە دوورە، شارەکە لە بەشی باکوور و ڕۆژئاواوە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەورەدراوە و بەزۆری داری زەیتوون و فستەقی لێ دەچێنرێت، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ناوچە وشکەکانی بیابانی سوریا نزیک دەبێتەوە.

کەشوهەوای شاری حەلەب

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، زستانی ئەم شارە ساردە و هاوینی وشک و گەرمە، زنجیرە چیاکانی سەر کەناری دەریای سپی ناوەڕاست بە ناوەکانی، زنجیرە چیاکانی ئەل عەلەوەویین و نور دەبنە بەربەست و تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگیری لە کاریگەرییەکانی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاست لەسەر شارەکە دەکەن، تێکڕای بەرزی و نزمی پلەی گەرمی شارەکە بەدرێژایی ساڵ 23.8 و 11.1 پلەی سەدییە. تێکڕای دابارین 329.4 میلیمەترە و زیاتر لە 80٪ی بڕی بارین لە نێوان مانگی تشرینی یەکەم و ئازاردا دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی جارێک یان دوو جار بەفر دەبارێت، هەروەها تێکڕای ڕادەی شێ لە شارەکەدا 55.7%.

چەند شوێنکی سەرنج ڕاکێشی شارەکە

  • مزگەوت گەورە
  • قەڵای حەلەب
  • مۆزەخانەی حەلەب
  • مەیدانی باب الفرج
  • قەڵای سەینت سیمۆن
  • ڕەسافە
  • پارکی گشتی
  • بەنداوی تەبقا
  • بەندەری حەلەب
  • قەڵای سەلاحەدین
  • بازاڕی حەلەب
  • مزگەوتی خالیدی کوڕی وەلید
  • تەرتووس
  • دوورگەی ئەروەد
  • مۆزەخانەی پالمیرا
  • شانۆی ڕۆمانی لە پالمیرا
  • شاری کۆنی حەلەب


سەرچاوەکان



660 بینین