مەقدۆنیای باکوور

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-12-15-15:54:00 - کۆدی بابەت: 11731
مەقدۆنیای باکوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەقدۆنیای باکوور (بە ئینگلیزی: North Macedonia، بە عەرەبی: مقدونيا الشمالية)، بە فەرمی کۆماری مەقدۆنیای باکوور (بە ئینگلیزی: Republic of the North Macedonia)، وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. سنووری وشکانی لەگەڵ چەند وڵاتێکدا هەیە، لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ کۆماری کۆسۆڤۆ، لە باکوورەوە لەگەڵ سڕبیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بولگاریا، لە باشوورەوە لەگەڵ یۆنان و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەلبانیادا هاوسنوورە. شاری سکۆپی کە پایتەخت و گەورەترین شاریی کۆمارەکەیە شوێنی نیشتەجێبوونی چارەکێکی دانیشتووانی وڵاتەکەیە. زۆربەی دانیشتووانی وڵاتەکە خەڵکی مەقدۆنیان و ئەلبانییەکان بە نزیکەی ٢٥٪ـی دانیشتووانەوە کەمینەیەکی بەرچاو پێک دەهێنن، هەریەک لە تورکەکان، ڕۆمەکان، سڕبیەکان، بۆسنەییەکان، ئارۆمانییەکان و چەند کەمینەیەکی دیکەی کۆمارەکەن.

زانیاری گشتی

ناو مەقدۆنیای باکوور، بە فەرمی کۆماری مەقدۆنیای باکوور
پایتەخت و گەورەترین شار سکۆپی
حکوومەت کۆماری پەرلەمانی یەکگرتوو
سەرۆکی وڵات ستیڤۆ پێندارۆڤسکی
زمانە فەرمییەکان مەقدۆنی و ئەلبانی
زمانە ناوچەییە فەرمییەکان تورکی، ڕۆمانی، سیبری، بۆسنەیی، ئارۆمانی
ڕووبەری گشتی ٢٥،٧١٣ كم٢
ژمارەی دانیشتووان بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١ ١،٨٣٦،٧١٣
چڕیی دانیشتووان ٨٠.١/كم٣
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
کۆدی تەلەفۆن  ٣٨٩+
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو دیناری مەقدۆنی (MKD)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٣ ٤٤.٠٥٥ ملیار دۆلار

لەڕووی جوگرافییەوە

شوێن

کۆماری مەقدۆنیای باکوور دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، ڕووبەری وڵاتەکە ٢٥،٧١٣ کیلۆمەتر دووجایە و ١.٩%ـی ڕووبەرەکەی ئاوییە. ئەم وڵاتە دەکەوێتە نێوان هێڵەکانی پانی ٤٠° و ٤٣°ـی باکوور و هێڵەکانی درێژی ٢٠° و ٢٣° ڕۆژهەڵات.

کەشوهەوا

کەشوهەوای مەقدۆنیای باکوور لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر جیاوازە و چوار وەرزی جیاواز لە وڵاتەکەدا هەستی پێ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و وشکە و مانگەکانی وەرزی زستان سارد و بەفراوییە. تێکڕای پلەی گەرمی وڵات بەدرێژایی ساڵ لە نێوان ٢٠- پلەی سەدی لە زستاندا بۆ ٤٠ پلەی سەدی لە هاویندا دەگۆڕێت. نزمی پلەی گەرمیی وڵاتەکە لە وەرزی زستاندا کاریگەری بای باکووری لەسەرە، لەکاتێکدا گەرمی وەرزی هاوین بەهۆی پەستانی نیمچە خولگەیی دەریای ئیجە و کاریگەرییەکانی کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەیە. سێ ناوچەی سەرەکی کەشوهەوا لە وڵاتەکەدا هەیە، کەشوهەوای بەشی باکووری وڵاتەکە کەمێک کیشوەرییە، کەشوهەوای بەشی باشووری وڵات تایبەتمەندی کەشوهەوای ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە و کەشوهەوای ناوچە بەرزەکان شاخاوییە. تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە ١،٧٠٠ مللیمەتر لە ناوچەی شاخاویی ڕۆژئاوا تا ٥٠٠ مللیمەتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵات دەگۆڕێت. جۆراوجۆری کەشوهەوا و چاندن ڕێگە بە چاندنی جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک دەدات لە ناوچەکەدا، لەوانە گەنم، گەنمەشامی، پەتاتە، خاشخاش، پاقلەی سودانی و برنج.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٢ ژمارەی دانیشتووانی مەقدۆنیای باکوور ٢،٠٢٢،٥٤٧ کەسە. لە خەمڵاندنێکی ساڵی ٢٠٠٩ـدا هاتووە کە ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە گۆڕانکارییەکی زۆر کەمی بەسەردا هاتووە و گەشتۆتەتە ٢،٠٥٠،٦٧١ دانیشتوو. ئەمە لە کاتێکدا ئەنجامی کۆتا سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١ ئەوە دەردەخات کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ١،٨٣٦،٧١٣ کەسە.

لەڕووی نەتەوەییەوە

بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٢، گەورەترین گرووپی نەتەوەیی وڵاتەکە مەقدۆنییەکانن، بە دوای ئەویشدا ئەلبانییەکان بە پلەی دووەم دێت کە بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان داگیرکردوە. پاش مەقدۆنی و ئەلبانییەکان، تورکەکان سێیەم گەورەترین گرووپی نەتەوەیی کۆمارەکەن کە بەپێی داتاکانی سەرژمێری فەرمی نزیکەی ٨٠ هەزار کەس و خەمڵاندنە نافەرمییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەیان لە نێوان ١٧٠ بۆ ٢٠٠ هەزار کەسدایە. هەندێک لە خەمڵاندنە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە زیاتر لە ٢٦٠ هەزار هاوڵاتی ڕۆمی لە وڵاتەکەدا هەبن. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١ گرووپە نەتەوەییەکانی مەقدۆنیای باکوور بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • مەقدۆنییەکان: ٥٨.٤٤٪
  • ئەلبانییەکان: ٢٤.٣٠٪
  • ئەوانەی دەرخستنی نەتەوەکەیان ڕەتکردەوە: ٧.٢٠٪
  • تورکەکان: ٣.٨٦٪
  • ڕۆمانییەکان: ٢.٥٣٪
  • سیبرییەکان: ١.٣٠٪
  • بۆسنەییەکان: ٠.٨٧٪
  • ئارۆمانی و مێگلینۆ-ڕۆمانییەکان: ٠،٤٧٪
  • نەتەوەکانی تر: ١.٠٣٪

ئایین

بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١١ ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی مەقدۆنیای باکوور بریتین لە:

  • ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات: ٦٩.٦٪
  • کاسۆلیکی: ٠.٤٪
  • مەسیحییەکانی تر: ٠.٧٪
  • ئیسلام: ٢٨.٦٪
  • بێ ئایین: ٠.٥٪
  • ئایینەکانی تر: ٠.٢٪

مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی کۆماری مەقدۆنیای باکوورە و لەلایەن ٦٥٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکەوە پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا پەیڕەوکەرانی ئایینە جۆراوجۆرەکانی تری مەسیحی لەلایەن ٠.٤٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕە دەکرێت. مسوڵمانەکانی وڵاتەکە ٣٣.٣٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ئەم وڵاتە خاوەنی پێنجەم بەرزترین ڕێژەی مسوڵمانانی ئەورووپایە لە دوای کۆسۆڤۆ (٩٦٪)، تورکیا (٩٠٪)، ئەلبانیا (٥٩٪) و بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا (٥١٪). زۆربەی زۆری مسوڵمانانی وڵات بە ڕەگەز ئەلبانی، تورک یان ڕۆمانین و ژمارەیەکی کەمیان مەقدۆنین. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ـدا ١،٨٤٢ کڵێسا و ٥٨٠ مزگەوت لە مەقدۆنیای باکوور هەبوون.

زمان

زمانی فەرمی و نەتەوەیی دانیشتووانی تەواوی وڵات مەقدۆنیە. بەپێی زانیارییەکانی کۆتا سەرژمێری زمانی مەقدۆنی ١،٣٤٤،٨١٥ قسەپێکەری هەیە لە وڵاتەکەدا. بە دوای زمانی مەقدۆنی زمانی ئەلبانی دووەم بەکارهێنراوترین زمانی دانیشتووانی وڵاتەکەیە و ٥٠٧،٩٨٩ قسەپێکەری هەیە. سەرەڕای زمانەکانی مەقدۆنی و ئەلبانی، زمانە کەمینەکانی دانیشتووانی کۆمارەکە کە ژمارەیەکی بەرچاو بەکارهێنەریان هەیە بریتین لە تورکی (٧١،٧٥٧ قسەپێکەر)، ڕۆمانی (٣٨٥٢ قسەپێکەر)، سڕبی (٢٤،٧٧٣ قسەپێکەر)، بۆسنی (٨،٥٦٠ قسەپێکەر)، ئارۆمانی (٦،٨٨٤ قسەپێکەر) و زمانەکانی تر (١٩،٢٤١ قسەپێکەر). جگە لەوانەش، زمانی ئاماژەی مەقدۆنی زمانی سەرەکی کۆمەڵگەی نابیستانی وڵاتە.

لەڕووی ئابوورییەوە

ئابووریی مەقدۆنیای باکوور لە دوای سەربەخۆییەوە چاکسازیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٠٩ و لە کۆی ١٧٨ وڵات مەقدۆنیای باکووری بە چوارەم باشترین دەوڵەت ڕیزبەندی کرد کە چاکسازی تێداکراوە. وڵاتەکە پەرەی بە ئابوورییەکی کراوە داوە و لەم ساڵانەی دوایدا کەرتی بازرگانی زیاتر لە ٩٠٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێنا. لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە، وڵاتەکە گەشەیەکی ئابووریی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا بە ڕێژەی ٣.١٪ گەشەی دەکرد. پێشبینی دەکرا ئەم ڕێژەیە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٦-٢٠١٠ـدا بە تێکڕا ٥.٢٪ بەرزبێتەوە. حکوومەتی مەقدۆنیای باکوور لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان سەرکەوتوو بوو، ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا تەنها ٣٪ و لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا تەنها ٢٪ بوو و حکوومەتەکە جۆرە سیاسەتێکی بەکارهێنا کە تیشکی خستبووە سەر ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و پەرەپێدانی شەریکەی بازرگانی قەبارە بچووک و مامناوەند (SMEs).

حکوومەتی ئێستای وڵاتەکە بە مەبەستی ئەوەی وڵاتەکە زیاتر سەرنجڕاکێش بێت بۆ وەبەرهێنانی بیانی سیستەمێکی باجی جێگیری داهێنا، کە ڕێژەکەی لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا ١٢٪ بوو و لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا بۆ ١٠٪ دابەزی. جگە لەوەش، لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا ڕێژەی بێکاری لە باکووری مەقدۆنیا ٣٧،٢٪ بوو و لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ڕێژەی هەژاری ٢٢٪ بوو. هەروەها، لەڕووی پێکهاتەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ـدا کەرتی بەرهەمهێنان، لەوانە کانسازی و بیناسازی کە بە ڕێژەی ٢١.٤٪ بوو گەورەترین بەشی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێنا، لە کاتێکدا کەرتی بازرگانی، گواستنەوە و جێ‌وڕێ ١٨.٢٪ و کشتوکاڵ ٩.٦٪ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێنا.


سەرچاوەکان



498 بینین