ناوهڕۆك
ناساندن
پریستینا (بە ئینگلیزی: Pristina، بە عەرەبی: بريشتينا)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری کۆسۆڤۆیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی 2011ـدا 198,897 کەس بوو لە ڕووبەری 523.13 کیلۆمەتر دووجادا.
مێژوو و گرنگی شارەکە
ئەو ناوچەیەی کە ئێستا پریستینایە لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێدا جوتیارە ئەورووپییەکانی لێ نیشتەجێ بوو. بەدرێژایی مێژوو ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی چەند ئیمپراتۆریەکی جیاوازەوە، هەر لە بیزەنتین، ئیمپراتۆریەتی بولگاری یەکەم و دووەم، دەسەڵاتی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتی سڕبیا، تا ئەوە بوو لە ساڵی 2008ـدا سەربەخۆیی بەدەستهێنا، لە دوای سەربەخۆیی کۆسۆڤۆوە، پریستینا وەک پایتەختی کۆسۆڤۆ خزمەت دەکات. یەکەمجار لە ساڵی 1342ـدا وەک گوندێک تۆمارکرا و نزیکەی سەدەیەک دواتر و لە ساڵی 1455ـدا خاوەنی دانیشتووانێکی کەم بوو (300 خێزان). لە سەدەی دواتردا بەهۆی پێگەی ستراتیجییەکەیەوە بووە ناوەندێکی گرنگی کانسازی و بازرگانی. بەهۆی هەڵکەوتەی شارەکە لە ناوەندی وڵات پایتەخت و ناوەندی ئابووری، دارایی، سیاسی و بازرگانی وڵاتەکەیەتی. کورسی دەسەڵاتی حکوومەتی کۆسۆڤۆ، نشینگەی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆیە و پەرلەمانی کۆسۆڤۆشی لێ هەڵکەوتووە. هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پریستینا گەورەترین فڕۆکەخانەی کۆسۆڤۆیە.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری پریستینا کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە و تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی شارەکە 10.6 پلەی سەدیە. گەرمترین مانگ مانگی ئابە و تێکڕای پلەی گەرمی 21.8 پلەی سەدیە، لە کاتێکدا ساردترین مانگ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای پلەی گەرمی 0.6- پلەی سەدیە. کەشوهەوای ئەم شارە مامناوەندە و ساڵانە بە تێکڕایی 2909.69 کاتژمێر تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە. مانگی تەممووز خۆرەتاوترین مانگی ساڵە و ڕۆژانە بە تێکڕایی نزیکەی 11.5 کاتژمێر تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە، لە کاتێکدا مانگی کانوونی دووەم کەمترین کاتژمێر خۆر بە ئاسمانەوە دەبینرێت کە 4.5 کاتژمێرە لە ڕۆژێکدا.
لەڕووی ئابوورییەوە
پریستینای پایتەخت ناوەندی ئابووری کۆسۆڤۆیە و گرنگییەکی بنچینەیی لە سەقامگیری وڵاتەکەدا هەیە. کەرتی خزمەتگوزاری گرنگترین کەرتی ئابووریی شارەکەیە و زیاتر لە 75%ـی هێزی کاری پریستینا دادەمەزرێنێت، بە دوای ئەویشدا ئابووری هەمووەکی و پیشەسازی دێت کە یەکەمیان 20%ـی دانیشتووی کارکەر و دووەمیان تەنها 5%ـی دانیشتووی کارکەر پێکدەهێنێت. پریستینا شوێنێکی سەرەکی گەشتیاریی کۆسۆڤۆیە و لە ساڵی 2012ـدا نزیکەی 100 هەزار سەردانیکەری بیانی ڕووی لە شارەکە کرد. زۆربەی گەشتیارانی بیانی لە ئەلبانیا، تورکیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، سلۆڤینیا، مۆنتینیگرۆ، مەقدۆنیای باکوورەوە دێن، ساڵانەش ژمارەی سەردانکەرانی شوێنەکانی تر بۆ ئەم شارە زیاد دەکات. جگە لەوانەش، شارەکە ژمارەیەکی زۆر هۆتێلی ڕاقی، چێشتخانەی مۆدێرن، باڕ، مەیخانە و یانە شەوانەی تێدایە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
نوسینگەی ئاماری کۆسۆڤۆ (KAS) ژمارەی دانیشتووانی شاری پریستینای لە سەرژمێری ساڵی 2011ـدا بە 198,897 کەس خەمڵاند. شارەکە قەرەباڵغترین شاری وڵاتە، ژمارەی دانیشتووانی شارەوانی پریستینا نزیکەی 160 هەزار کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی گوندەکان نزیکەی 37 هەزار کەس بوو. لەگەڵ ئەوەشدا چڕی دانیشتووانی پریستینا 380,3 کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا.
نەتەوەییەوە
زۆربەی زۆری دانیشتووانی پریستینا کە بە ڕێژە 97.77%ـی دانیشتووان دەکات ئەلبانیین، لە کاتێکدا تورکەکان 1.08%ـی دانیشتووان، ئەشکالییەکان 0.28%ـی دانیشتووان، سربییەکان 0.22%ـی دانیشتووان، بۆسنییەکان 0.2%ـی دانیشتووان، گۆرانییەکان 0.1%ـی دانیشتووان و ڕۆمانییەکان 0.03%ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن.
زمان
98.09%ـی دانیشتووانی پریستینای پایتەخت بە زمانی ئەلبانی قسە دەکەن. زمانە قسەپێکراوەکانی تری دانیشتووانی شارەکە بریتین لە تورکی کە 1.04%ـی دانیشتووانی شارەکە قسەی پێ دەکرێت، هەریەک لە زمانەکانی سڕبی و ڕۆمانی لەلایەن 0.25% و 0.03%ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێن.
ئایین
97.27%ـی دانیشتووانی پریستینا کە بە ژمارە 193,474 کەسە پەیڕەوکەرانی ئایینی ئیسلامن و موسڵمانن، لە کاتێکدا 0.59%ـی دانیشتووان، 1,170 دانیشتوو، کاسۆلیکی ڕۆمانین، 0.24%ـی دانیشتووان، 480 کەس، ئۆرتۆدۆکسین، 0.17%ـی دانیشتووان، 344 کەس، پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی دیکەن و 0.33%ـی دانیشتووان، 660 کەس، بێ ئایینن.