لیلۆنگوی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-08-29-20:09:00 - کۆدی بابەت: 11153
لیلۆنگوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیلۆنگوی یان لیلۆنگۆی (بە ئینگلیزی: Lilongwe، بە عەرەبی: ليلونغوي، بە چیوای: ɽiˈɽoᵑɡʷe)، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری وڵاتی ئەفریقیی مالاویە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی 2008ـدا 674,448 کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە سەرژمێری ساڵی 2018ـدا گەشتە 989,318 کەس و لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ 1,122,000 دانیشتوو بەرزبوویەوە. شارەکە دەکەوێتە ناوچەی ناوەڕاستی مالاوی، لە ناوچەیەک بە هەمان ناو، لە نزیک سنوورەکانی مۆزەمبیق و زامبیا. لیلۆنگوی ناوەندێکی گرنگی ئابووری و گواستنەوەی مالاویی ناوەڕاستە و شارەکە بە ناوی ڕووباری لیلۆنگوی (Lilongwe River)ـەوە ناونراوە. لیلۆنگوی لە ساڵی 1902ـدا دامەزراوە و لە ساڵی 1975ـدا بوو بە پایتەختی مالاوی.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری لیلۆنگوی پایتەخت 727.79 کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی 2018، 1,482 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری لیلۆنگوی لە کەمتر لە 20,000 کەس لە ساڵی 1966ـەوە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ساڵی 2018ـدا گەشەی کردووە.

گرووپە نەتەوەییەکان

بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2018 گرووپە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی لیلۆنگوی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

نگۆنی 17.13%
چیوا 42.28%
لۆموی 14.48%
یاو 12.11%
تومبوکا 6.46%
مانگانجا 1.86%
سەینا 1.78%
تۆنگا 1.56٪
نیانجا 0.67%
نکۆندی‌ 0.63%
لامبیا 0.35%
سوکوا 0.04%
نەتەوەکانی تر 0.64%

بەپێی سەرژمێری ساڵی 2018، 42.28%ـی دانیشتووانی شاری لیلۆنگوی سەر بە گەورەترین گرووپی نەتەوەیی بوون کە چیوایە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەورەترین گرووپی کەمینە لە شارەکەدا نگۆنی بوو کە 17.13%ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. گرووپە نەتەوەییە بچووکەکانی تر بەم شێوەیە بوون، لۆموی بە 14.48%ـی دانیشتووانەوە، یاو بە 12.11%ـی دانیشتووانەوە، تومبوکا بە 6.46%ـی دانیشتووانەوە، مانگانجا بە 1.86%ـی دانیشتووانەوە، سەینا بە 1.78%ـی دانیشتووانەوە، تۆنگا بە 1.56%ـی دانیشتووانەوە، نیانجا بە 0.67%ـی دانیشتووانەوە، نکۆندی‌ بە 0.633%ـی دانیشتووانەوە، لامبیا بە 0.35%ـی دانیشتووانەوە، سوکوا بە تەنها 0.04%ـی دانیشتووانەوە و گرووپە نەتەوەییەکانی دیکە بە 0.64%ـی دانیشتووانەوە بەشداریان لە پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکەدا کرد.

ئایین

گەورەترین گرووپی ئایینی لە شاری لیلۆنگوی، کڵێسای پریسبەتێریی ئەفریقای ناوەڕاستە کە 23.15%ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، گەورەترین گرووپی ئایینیی کەمینە لە شارەکەدا کاسۆلیکییە کە لەلایەن 17.28%ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرێت. ئایینە کەمینەکانی تری لیلۆنگوی پایتەخت بریتین لە ئەدڤێنتیستەکانی ڕۆژی حەوتەم، باپتیست و ئەپۆستۆلی کە هەر سێکیان پێکەوە لەلایەن 10.35%ـی دانیشتووانی شارەکەوە پەیڕەو دەکرێن، هەروەها پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان) 8.6%ـی دانیشتووان، ئەنگلیکان 2.31%ـی دانیشتووان، ئایینە مەسیحییەکانی تر 21.67%ـی دانیشتووان، ئیسلام 11.12%ـی دانیشتووان، ئایینی نەریتی 0.34%ـی دانیشتووان، ئایینەکانی تر 3.38%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، ئەوانەشی سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نین 1.73%ـی دانیشتووانی شارەکەن.

 لەڕووی جوگرافییەوە

تۆپۆگرافیا

شاری لیلۆنگوی دەکەوێتە سەر پارچە زەوییەکی بەرزی تەخت لە ناوچەی ناوەڕاستی مالاوی و بەشێک لە دۆڵی کەندەڵانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا پێک دەهێنێت کە 1,050 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. لیلۆنگوی دابەشکراوە بەسەر شارێکی نوێ و کۆندا. هۆتێل، باڵیۆزخانەکان، دامەزراوە حکوومییەکان و نوسینگەکان دەکەونە شاری نوێی لیلۆنگوی لە کاتێکدا بازاڕ، وێستگەکانی پاس، قاوەخانە و چێشتخانەکان دەکەونە شاری کۆنی لیلۆنگویەوە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستەمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری لیلۆنگویی پایتەخت نیمچە خولگەیی شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا گەرمێکی خۆشە و لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە. بەهۆی هەڵکەوتەی شارەکە لە ناوچەیەکی بەرزدا پلەکانی گەرما نزمترن بە بەراورد بە شارێک کە بکەوێتە ناوچە خولگەییەکانەوە. لیلۆنگوی وەرزێکی وەرزەبای کورتی هەیە کە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا ئازار دەخایەنێت، لەگەڵ زستانێکی وشکی درێژ کە لە مانگی نیسان تا ئاب بەردەوامە و هاوینێکی گەرم کە لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت. بێجگه لەوەی بەدرێژایی وەرزی وەرزەبا بارانێکی توند لە شارەکەدا دەبارێت بەدرێژایی باراناویترین مانگەکانی ساڵیش بۆ هەر مانگێکدا 200 مللیمەتر باران دەبارێت. باران لە لیلۆنگوی لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا مانگی نیسان دەبارێت و ساڵانە 850 مللیمەتر باران لە شارەکەدا دەبارێت، کە زۆرترین بڕی، 200 مللیمەتر، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا دەبارێت، لەکاتێکدا بەدەگمەن لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یەکەمدا باران دەبارێت.

پلەی گەرمی

پلەکانی گەرما لە شاری لیلۆنگوی مامناوەندە و لە نێوان 23 پلەی سەدی لە مانگی تشرینی دووەم (گەرمترین مانگی ساڵ)ـدا بۆ 14 پلەی سەدی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. پلەکانی گەرما لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا مانگی نیسان بە ڕۆژدا بەدەگمەن 32 پلەی سەدی تێ دەپەڕێنن و لە مانگی ئایار تا ئاب نزیکەی 23/25 پلەی سەدین. بەڵام، لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، لەوانەیە کەش بە شەودا سارد بکات و ڕەنگە سووکە شەختەش دروست ببێت. لە گەرمترین کاتی ساڵدا، واتە لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم، پێش بارانبارین، دەشێت پلەکانی گەرما بگەنە 35 پلەی سەدی.

 ئابووریی شارەکە

لە کاتێکدا شاری بلانتایەر، کە دووەم گەورەترین شاری مالاوییە، پایتەختی بازرگانی وڵاتە، بەڵام ئابووریی لیلۆنگوی لەلایەن حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە. کانینگۆ، لە بەشی باکووری شارەکە، ناوچەی سەرەکی پیشەسازییە و تێیدا پرۆسێسی خۆراک، عەمبارکردن و فرۆشتنی تووتن، عەمبارکردنی گەنمەشامی و چالاکییە پەیوەندیدارەکانی تری پیشەسازی سووک ئەنجام دەدرێت. دارایی، کاروباری بانق، بازرگانی وردە، بیناسازی، گواستنەوە، کارگێڕی گشتی، گەشتیاری و بەرهەمهێنانی تووتن چالاکییە ئابوورییە سەرەکییەکانی شارەکەن. 76%ـی دانیشتووانی لیلۆنگوی لە جێگیرگەی نافەرمیدا دەژین، لە کاتێکدا ڕێژەی هەژاریی دانیشتووانەکەی 25% و ڕێژەی بێکاریش 16%ـەیە. خزمەتگوزاری شارستانی نزیکەی لەسەدا 27%ـی هەموو کرێکارانی فەرمی دامەزراندووە، لە کاتێکدا 40%ـیان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و 2%ـیان خۆیان خۆیانیان دامەزراندووە.


سەرچاوەکان



468 بینین