لینکۆڵن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-24-21:14:00 - کۆدی بابەت: 9993
لینکۆڵن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لینکۆڵن (بە ئینگلیزی: Lincoln، بە عەرەبی: لينكولن)، شارێکی كاتێدراڵییە لە لینکۆڵن شایەر لە وڵاتی ئینگلتەرا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی٢٠٢٢ـدا بە ١٠٩٫١٢١ کەس خەمڵێندرا. لەڕووی جوگرافییەوە، لینکۆڵن ٢٥٣ كیلۆمەتر لە باکووری لەندەنەوە دوورە، هەروەها ١٢٣ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای هاڵ، ٥١ کیلۆمەتر له باکووری خۆرهەڵاتی نۆتینگهام، ٧٦ کیلۆمەتر لە باکووری پیتەربۆرۆ، ١٣٣ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرهەڵاتی لیدز و ٦٤ کیلۆمەتر لە خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی شێفیڵدەوە دوورە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شار و ناوچەی بەڕێوەبراوی لینکۆڵن لە ساڵی ٢٠١٦ـدا بە ٩٧٫٥٤١ كەس خەمڵێندرا، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانی ١٣٠٫٢٠٠ كەسە و ژمارەی دانیشتووانی گەورەشاری لینکۆڵن بە ١٨٩,٠٠٠ كەس خەمڵێندراوە. هەروەها ڕووبەری ڕووی شار و ناوچەی لینکۆڵن نزیکەی ٣٥٫٦٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چڕی دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی ٣٫٦٤٢ کەس لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا.

زۆربەی زۆری دانیشتووانی لینکۆڵن کە بە ڕێژە ٩٥,٦٪ـی دانیشتووان دەکات هاوڵاتی سپی پێستن. هەروەها ئاسیای باشوور، ئێرلەندی، چینی و ئەفریقی ژمارەیەکی کەم لە دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن، کە بە ڕێژە هەریەکەیان کەمتر لە ١٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. زۆربەی ئەو کەسانەی لە لینکۆڵن دەژین لە بنەڕەتدا لە ئینگلتەرا لەدایکبوون و زیاتر لە ٨٧٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. نزیکەی ١،٨٪ـی دانیشتووان لە سکۆتلەندا لەدایکبوون. ئەو ڕێژەیەشی کە دەمێنێتەوە لە وڵاتانی وێڵز، ئێرلەندا، ئێرلەندای باکوور، هیندستان، چین و نەیجیریا لەدایکبوون.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی لینکۆڵن لە ناوەڕاستی ساڵی ۲۰۱۹ـدا

سپی پێست: ۹٥٫٦٪

ئاسیایی: ۰٫۸٪

ئێرلەندی: ۰٫۸٪

چینی: ۰٫٥٪

ئەفریقی: ۰٫٥٪

زمان

نزیکەی ٩٤٪ـی ئەو کەسانەی لە شاری لینکۆڵن دەژین بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن و زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمییانە. زمانی دیکەش هەن کە لە ناوچە دیاریکراوەکانی شارەکەدا قسەیان پێ دەکرێت، لەوانە پۆڵەندی، لیتوانی و لاتڤی.

ئایین

زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی شارەکە، کە بە ڕێژە ٥٨٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین. هەروەها نزیکەی ٣٢٪ـی دانیشتووانەکەی هیچ ئایینێک پەیڕەو ناکەن، لە کاتێکدا هەندێک لە دانیشتووانی شارەکە خۆیان بە ئیسلام، هیندۆسی، بودایی، سیخ و جوولەکە دەناسێنن.

گەشەی دانیشتووانی لینکۆڵن

ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ٩٤٫٦٠٠ کەس بووە. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ئەم ژمارەیە بەرزبوویەوە و ٩٧٫۰۰۰ کەسی تێپەڕاند. سەرەڕای ئەوەی گەشەی دانیشتووانی شاری لینکۆڵن بە بەراورد بە شارەکانی دیکەی سەرانسەری جیهان خێرا نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بە گەشەیەکی خاو و جێگیر بەردەوام بێت تا ژمارەی دانیشتووان دەگاتە ١٠٠,٠٠٠ كەس.

مێژووی لینکۆڵن

لینکۆڵنی ڕۆمانی

مێژووی لینکۆڵن وەکوو شارۆچکەیەکی ڕۆمانی دەستی پێکرد. لە ساڵی ٤٨ـی زایینیدا ڕۆمانییەکان لینکۆڵنشایریان داگیرکرد، دوای ماوەیەکی کەم قەڵایەکیان دروست کرد و لە سەدەی یەکدا سەربازەکان قەڵاکەیان چۆڵکرد و شارۆچکەیەکی نوێ دروست کرا کە شوێنی سەربازە خانەنشینەکان بوو. لینکۆڵن گەورە بوو و بوو بە شارۆچکەیەکی گەورە و ئاوەدان. لەوانەیە ژمارەی دانیشتووانەکەی لە نێوان ٦ بۆ ٨ هەزار کەس بووبێت. شورا بە دەوری شارۆچەکەدا دروستکرا، فۆرەم یان مەیان دروستکرا و دووکان لە شارۆچکەکەدا کرایەوە. هەروەها گەرماوە گشتییەکان لە لینکۆڵن کرانەوە، لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا خەڵکی تەنیا بۆ خۆپاککردنەوە و خۆشتن نەدەچوون بۆ گەرماو، بەڵکوو بۆ کات بەسەربردن تێکەڵ بوونی خەڵک سەردانی گەرماوەکانیان دەکرد. هەتا سەرەتای سەدەی چواردا شارۆچکەکە گەشتە لووتکەی گەشەسەندن، بەڵام لە کۆتایی سەدەی چواردا شارستانییەتی ڕۆمانی خەریک بوو تێک دەشکا و لە کۆتاییدا سەربازە ڕۆمانییەکان لە ساڵی٤٠٧ـی زایینیدا بەریتانیان جێهێشت. لە سەدەی پێنجدا، زۆربەی زۆری دانیشتووانی لینکۆڵن هەڵهاتن و وردەوردە بینا ڕۆمانییەکان وێران بوون.

لینکۆڵن لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

کاتێک لە سەدەی نۆیەمدا دانیمارکییەکان لینکۆڵنیان داگیرکرد، شارۆچکەکەیان بوژاندەوە و کۆمەڵێک قەڵایان دروستکرد. لە سەدەی دەیەمدا، لینکۆڵن گەورە بوو و بوو بە شارۆچکەیەکی گەورە و گرنگ، ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە ساڵی ١٠٨٦ـدا ٦ هەزار کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە، لینکۆڵن شارۆچکەیەکی گەورە و گرنگ بوو. پاشان و لە سەدەکانی ١٢و ١٣ـدا بەهۆی پیشەسازیی خورییەوە شارەکە بوژایەوە و لە سەدەی ١٤ـدا پێشەنگایەکی ساڵانە لە شارۆچکەکەدا کرایەوە و لە ساڵی ١٤٠٩ـدا بوو بە دوو پێشەنگا.

لینکۆڵن لەسەدەکانی ۱٦ و ۱۷ـدا

لە سەدەی ۱٤ بەدواوە پیشەسازی خوری کز بوو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژمارەی دانیشتووان و پێشکەوتنی شارۆچکەکە هەبوو، لە سەدەی ۱٦ـدا، ژمارەی دانیشتووانی لینکۆڵن بۆ ۲٫٥۰۰ کەس دابەزی. لە ساڵی ۱٦٤۲ جەنگی ناوخۆیی لە نێوان پاشا و ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕوویدا و دانیشتووانی شارۆچکەکە لایەنگری ئەنجومەنی نوێنەران بوون، بەدرێژایی ئەم جەنگە لینکۆڵن چەند دەستێکی گۆڕی و هەر جارێک لەژێر کۆنتڕۆڵی لایەنێکدا بوو. لە ئەنجامدا ئەنجومەنی نوێنەران سەرکەوتن و دەستوپێوەندی شا لینکۆڵنیان چۆڵکرد. لە کۆتایی سەدەی ١٧ـەوە لینکۆڵن دەستی بە بوژانەوە کرد و پێشەنگایەکی دیکە لە شارۆچکەکەدا کرایەوە.

لینکۆڵن لە سەدەکانی ۱۸ و ۱۹ـدا

له ساڵی ١٧٠٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی لینکۆڵن نزیك ٤٫۰۰۰ کەس بوو، لینکۆڵن وەکوو شارۆچکەیەکی بچووک و بازاڕی مایەوە، لە سەدەی ١٨ـدا وردەوردە گەشەی سەند و بازاڕ و شانۆ دروستکران و یەکەم ڕۆژنامە لە شارۆچکەکەدا چاپکرا و چەند پڕۆژەیەکی ڕێگاوبان جێبەجێ کران. لە سەدەی ١٩ و لە ساڵی ١٨٠١ـدا یەکەم سەرژمێری لە شارۆچکەکەدا ئەنجامدرا و بەپێی ئەو سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی لینکۆڵن ٧,٠٠٠ کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩٠٠ـدا گەشتە زیاتر لە ٥۰٫۰۰۰ کەس. لە ناوڕاستی سەدەی نۆزدەدا لینکۆڵن لە شارۆچکەیەکی بازاڕییەوە گۆڕا بۆ ناوەندێکی پیشەسازی.

لینکۆڵن لە سەدەکانی ۲۰ و ۲۱ـدا

لە سەرەتای سەدەی ۲۰ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە بە بەراورد بە سەدەکانی پێشوو گەشەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە کۆتایی سەدەکەدا گەشەیەکی لەناکاوی بەخۆیەوە بینی. پیشەسازی سەرەکی لەم سەدەیەدا پیشەسازی ئەندازیاری بوو، هەروەها لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەهۆی بۆردومانی ئەڵمانیاوە ١١ کەس کوژران. لە ساڵی ١٩٩٦ـدا زانکۆی لینکۆڵن کرایەوە. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا پیشەسازییە خزمەتگوزارییەکانی وەک گەشتیاری لە لینکۆڵندا گەشەی سەند. لە سەدەی ٢١ـدا هێشتا لینکۆڵن لە گەشەی خۆی بەردەوامە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ١٠٠,٠٠٠ كەس بوو.

کەشوهەوا

شاری لینکۆڵن کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە. کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا گەرم و شێدارە و ئاسمانی شار سافە، و لە مانگەکانی وەرزی زستاندا زۆر سارد و بەفراوییە و بای هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی شار کەمێک هەوراوییە. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە نێوان ٨،٣- بۆ ٣١٫٦ پلەی سەدیدا دەگۆڕێت و بەدەگمەن دەگاتە خوار ١٨،٣- پلەی سەدی و سەرووی ۳٦٫٦ پلەی سەدی.

تێکڕای پلەی گەرمی لە شاری لینکۆڵن

وەرزی گەرما ٣٫٦ مانگ دەخایەنێت، لە٢٩ـی ئایار تا ١٨ـی ئەیلوول و تێکڕای پلەی گەرمی رۆژانە لە سەرووی ٢٥٫٥ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە شارەکەدا مانگی تەممووزە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٣١٫٦ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ٢٠ پلەی سەدییە. هەروەها، وەرزی سەرما ٣،٠ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٦ـی تشرینی دووەم تا ٢٧ـی شوبات و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ٧,٨ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ٨,٣- پلەی سەدی و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ٢،٢ پلەی سەدییە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە شوباتی ١٩٥٦ـدا ١٥٫٦-، لە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ١٩٨١ـدا ٩- و لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠ـدا ١٠٫٤- بوو.

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کات بۆ سەردانکردنی لینکۆڵن، سەرەتای مانگی حوزەیران بۆ ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە کەشی شارەکە لەم کاتانەدا خۆشە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

١. كاتێدراڵی لینکۆڵن

٢. قەڵای لینکۆڵن

٣. مۆزەخانەی لینکۆڵنشایەر لایف

٤. بازاڕی کریسمسی لینکۆڵن

٥. ستیپ هیڵ

٦. سەنتەری زانیاری سەردانیکەرانی لینکۆڵن

٧. پارکی سروشتی ویسبی

٨. هارتشۆلم کەنتری پارک


سەرچاوەکان



412 بینین