ناوهڕۆك
ناساندن
ئیزمیر یان ئەزمیر یان ئێزمیر ناسراو بە سمیرنا یاخوود سمێرن (بە زمانی ئینگلیزی: izmir، عەرەبی: إزمير، بە تورکی: İzmir) شارێکی گەورەیە لە کەنارەکانی ڕۆژاوای ئەنادۆڵ و پایتەختی پارێزگای ئەزمیرە و سێهەمین شاری زۆرترین دانیشتووانی تورکیایە لەدوای ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە کە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانی شاری ئیزمیر ٩٠٠ ٢٫٩٦٥٫ کەس بووە، لە کاتێکدا کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای ئیزمیر لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٤٫٣٦٧٫٢٥١ کەس بووە.
مێژووی شارەکە
ئیزمیر شارێکە لە کەنارەکانی ئیجەی تورکیا و لە کۆندا بە سمیرنا ناسراوە، لەلایەن یۆنانییەکانەوە دامەزراوە و لەلایەن ڕۆمەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەلایەن ئەسکەندەری گەورەوە کە شارەکەی لە شوێنێکی نوێ لە دەرەوەی ڕووباری مێلێس لە دەوروبەری ساڵی ٣٤٠ پێش زایین دامەزراندەوە، لە سەردەمی هاوچەرخدا شوێنەوارە فراوانەکانی بریتین لە ئاگۆرای ڕۆمانی سمیرنا کە مۆزەخانەیەکی کراوەیە و لوتکەی گردەکەی کادیفێکالە یان قەڵای مەخمەل کە لە سەردەمی ئەسکەندەردا دروستکراوە و ڕووی لە شارەکە کردووە.
کەرتی تەندروستی
لە ئیزمیر ٢١ نەخۆشخانەی گشتی هەیە، سیستمی چاودێری تەندروستی لە تورکیا پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە نەخۆشخانە حکوومی و تایبەتەکان، هەروەها تورکیا سیستمێکی بیمەی چاودێری تەندروستی گشتگیری هەیە (SGK)، کە چارەسەری پزیشکی بەخۆڕایی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان بۆ ئەو دانیشتووانە دابین دەکات کە بە ژمارەی ناسنامەی تورکی تۆمارکراون، یەکێک لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی هەرێمی ئیجە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا لە قەزای بایراکلی ئیزمیر لە قۆناغی دروستکردندا بووە کە تێچووی ٧٨٠ ملیۆن یۆرۆ بووە.
کەرتی ئابووری
بەندەری ئیزمیر بەندەری سەرەکی تورکیایە بۆ هەناردەکردن، بازرگانیکردن لە ڕێگەی بەندەری شارەکەوە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا گرنگییەکی دیاریکراوی هەبوو بۆ ئابووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هەروەها بناغە ئابوورییەکانی دەیەکانی سەرەتای سەردەمی کۆمارییەکانی تورکیاش لە کاتی کۆنگرەی ئابووریی ئیزمیردا لێرە دانراوە.
لە سەردەمی هاوچەرخدا ئابووری ناوچەی ئیزمیر لە بەهادا دابەشکراوە لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی چالاکییدا، بەم شێوەیە؛ ٪٣٠٫٥ بۆ پیشەسازی، ٪٢٢٫٩ بۆ بازرگانی و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، ٪١٣٫٥ بۆ گواستنەوە و گەیاندن و ٪٧٫٨ بۆ کشتوکاڵ، لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئیزمیر ٪١٠٫٥ـی سەرجەم داهاتی باجی کۆکردنەوەی تورکیای دابینکردووە و هەناردەکردنیشی هاوتای ٪٦ بووە و هاوردەکردنیشی بۆ ٪٤ـی بازرگانی دەرەکی تورکیا بووە.
کەرتی گواستنەوە
ئیزمیر گەشتە ناوخۆییەکان و نێودەوڵەتییەکانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدنان مێندەرێسەوە و بە سیستەمی ترانزێتی خێرای مۆدێرنە کە خزمەت بە تەواوی ناوچەی گەورەی ئیزمیر دەکات، شارەکە لە ڕێگەی شوێنی ستراتیژی و ژێرخانی تەکنەلۆژی تاڕادەیەک نوێ و پەرەسەندووە لە بواری گواستنەوە و پەیوەندییەکان و وزەدا وەبەرهێنەرانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.
کەرتی خوێندن
بە گشتیی ئەم شارە خاوەنی نۆ زانکۆی چالاکە هەروەها شارەکە شوێنی دامەزراوەی خوێندنی باڵایە کە ڕەگ و ڕیشەی باشیان هەیە و کە لە سەرانسەری تورکیادا بەناوبانگن، وەک قوتابخانەی ئامادەیی پیشەیی ئەزمیر ئەنادۆڵی بازرگانی (ئیزمیر ئانادۆڵو تیکارێت لیسێسی) کە لە ساڵی ١٨٥٤ دامەزراوە و پەیمانگای کۆلێژی ئەمریکی (ACI) کە دامەزراوە لە ساڵی ١٨٧٨.
لە ڕووی مێژووییەوە لە ماوەی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، شارەکە ناوەندێکی پەروەردەیی جیهانی یۆنانی بووە و بە گشتی ٦٧ قوتابخانەی نێر و ٤ قوتابخانەی مێی هەبووە، گرنگترین دامەزراوەی پەروەردەیی یۆنانی قوتابخانەی ئینجیلی بوو کە لە ساڵی ١٧٣٣ تا ١٩٢٢ بوو. هەروەها ئیزمیر شوێنی سێیەم کەمپی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکایە لە جیهاندا کە کەمپی بۆشایی ئاسمانی تورکیایە.
٩ لەو زانکۆیانەی لە ئیزمیر دامەزراون
١- زانکۆی ئایۆنی: یەکەم زانکۆی شارەکەیە
٢- زانکۆی ئێج (Ege)
٣- زانکۆی دۆکز ئەیلوول (Dokuz Eylul)
٤- زانکۆی ئیزمیر بۆ ئابووری
٥- زانکۆی یەشار (Yaşar)
٦- زانکۆی ئیزمیر کاتیپ چەلەبی (İzmir Katip Çelebi)
٧- زانکۆی شیفا (Şifa)
٨- زانکۆی دیموکراسی ئیزمیر (İzmir Democracy)
٩- زانکۆی ئیزمیر تینازتێپێ (İzmir Tınaztepe)
بواری ڕاگەیاندن
ئیزمیر کۆمپانیای میدیایی ناوخۆیی خۆی هەیە، ٩ کەناڵی تەلەفزیۆنی بارەگاکەیان لە ئیزمیر و لە هەرێمی ئیجە پەخش دەکەن، ٢٦ ڕادیۆی ناوخۆیی و ١٥ ڕۆژنامەی ناوخۆیی هەیە. TRT Belgesel (TRT Documentary) کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نیشتمانی تورکیایە و لە بینای TRT لە ئیزمیرەوە پەخش دەکات.
بواری وەرزش
(یاریگای ئەزمیر ئەتاتورک) کە توانای لەخۆگرتنی ٥١ هەزار و ٢٩٥ کەسی هەیە و میوانداری یارییەکانی دەریای ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧١ و زانکۆی هاوینە ٢٠٠٥ و پاڵەوانێتی تیمەکانی ئەورووپای ٢٠١١ی کردووە، هەروەها لەلایەن یانەکانی تۆپی پێی ئیزمیرەوە بەکاردەهێنرێت.
کەشوهەوا
ئیزمیر کەشوهەوای هاوینەی گەرمی دەریای ناوەڕاستی هەیە، کە تایبەتمەندی هاوینە درێژخایەن و گەرم و وشک و زستانە سووک تا فێنک و باراناوییە، تێکڕای بارانبارینی ساڵانەی ئیزمیر تاڕادەیەک زۆرە، ٧٣٠.٥ ملم (٢٨.٧٦ ئینچ)، بەڵام زۆربەی زۆری بارانبارینی شارەکە لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی ئازار ڕوودەدات و بەزۆری لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئاب بارانبارین زۆر کەم یان هیچ نابارێت.