ناوهڕۆك
ناساندن
مۆزەمبیق (بە ئینگلیزی: Mozambique، بە پورتوگالی: Moçambique، بە عەرەبی: موزمبيق، بە چیچیوای: Mozambiki، بە سەواحیلی: Msumbiji، بە تسۆنگای: Muzambhiki)، بە فەرمی کۆماری مۆزەمبیق (Republic of Muzambhiki)، وڵاتێکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، ئەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ زەریای هیندی، لە باکوورەوە لەگەڵ تانزانیا، لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ کۆمارەکانی مالاوی و زامبیا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ زیمبابۆی و لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئێسواتینی و ئەفریقای باشووردا هاوسنوورە. بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە نزیکەی سی ملیۆن کەسە و زۆرینەی زۆری دانیشتووانی وڵاتەکە سەر بە گرووپی نەتەوەیی بانتون. هەروەها، پایتەخت و گەورەترین شاری مۆزەمبیق شاری ماپوتۆیە.
زانیاری گشتی
ناو | مۆزەمبیق، بە فەرمی کۆماری مۆزەمبیق |
پایتەخت و گەورەترین شار | ماپوتۆ |
سەربەخۆیی لە پرتوگال | 25ـی حوزەیرانی 1975 |
شەڕی ناوخۆی مۆزەمبیق | 1977–1992 |
دەستووری ئێستا | 21 کانوونی یەکەمی 2004 |
حکوومەت | کۆماری نیمچە سەرۆکایەتی یەکگرتووی حزبی باڵادەست |
سەرۆکی وڵات | فیلیپ نیوسی |
زمانی فەرمی | پورتوگالی |
ڕووبەری گشتی | 801,590 كم2 |
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 32,513,805 |
چڕیی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 | 28.7/كم2 |
ڕێڕەوی لێخوڕین | چەپ |
کۆدی تەلەفۆن | +258 |
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان | مەسیحی |
یەکەی دراو | مێتیکاڵ (MZN) |
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2022 | 48.0 ملیار دۆلار |
وشەوانی
ناوی وڵاتی مۆزەمبیق (Mozambique) لەلایەن پورتوگالییەکانەوە بەناوی دوورگەی مۆزەمبیقەوە ناونراوە، ناوی دوورگەکەش لە ناوی بازرگانێکی عەرەبەوە سەرچاوەی گرتبوو بە ناوی موسا بن بیق (Mussa Bin Bique) کە بۆ یەکەمجار سەردانی ئەو دوورگەیەی کرد و دواتر لەوێ ژیا. شارۆچکەی دوورگەکە تا ساڵی 1898 پایتەختی کۆلۆنی پورتوگالی بوو پاش ئەو ساڵە گواسترایەوە بۆ شاری ماپوتۆی ئێستا.
مێژوو و گرنگی وڵاتەکە
گەلانی بانتوزمان هەر لە سەدەی چوارەمی پێش زایین کۆچیان کرد بۆ مۆزەمبیق. لێکۆڵەرەوان پێیان وایە لە نێوان سەدەی یەکەم و پێنجەمی زایینیدا، شەپۆلی کۆچکردن لە ڕۆژئاوا و باکوورەوە دەستی پێکرد و گەلانی بانتو بە دۆڵی ڕووباری زامبێزیدا تێپەڕین و لە بان و ناوچە کەنارییەکانی باشووری ئەفریقا جێگیربوون. لە سەدەی نۆیەمدا پەرەسەندنی بازرگانی لە زەریای هیندی بووە هۆی گەشەسەندنی شارۆچکە بەندەرییەکانی سەر کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، لەنێویشیاندا مۆزەمبیق. پاشان و لە سەدەی 15ـدا گەڕیدە ئەرووپییەکان گەشتنه ناوچەکە، گەشتەکەی ڤاسکۆ دا گاما (Vasco da Gama) لە ساڵی 1498ـدا ئاماژەی بە هاتنی پورتوگالیەکان بۆ ناوچەکە کرد، لە ساڵی 1505ـدا وردەوردە پرۆسەی کۆلۆنیالیزم و نیشتەجێبوونی دەستپێکرد و پورتوگالییەکان کۆنتڕۆڵی دوورگەی مۆزەمبیقیان کرد. دوای زیاتر لە چوار سەدە لە دەسەڵاتی پورتوگالی، مۆزەمبیق لە ساڵی 1975ـدا سەربەخۆیی بەدەستهێنا. دوای تەنها دوو ساڵ لە سەربەخۆیی، شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتدا هەڵگیرسا کە لە ساڵی 1977 تا 1992 بەردەوام بوو. لە ساڵی 1994، مۆزەمبیق یەکەم هەڵبژاردنی فرە حزبیی خۆی ئەنجامدا و لەو کاتەوە تاڕادەیەک سەقامگیری کۆماری سەرۆکایەتی خۆی پاراستووە. مۆزەمبیف بە سەرچاوە سروشتییەکان دەوڵەمەندە، هەروەها ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەفریقا، کۆمۆنوێڵتی نەتەوەکان، ڕێکخستنی هاوکاریی ئیسلامی، کۆمەڵەی وڵاتانی زمانی پورتوگالی، بزووتنەوەی بێلایەن، کۆمەڵگەی گەشەپێدانی ئەفریقای باشوور و چاودێرێکی لا فرانکۆفۆنییە.
لەڕووی جوگرافییەوە
مۆزەمبیق وڵاتێکە لە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و بە ڕووبەری 801,590 کیلۆمەتر دووجاوە، کە تەنها 2.2%ـی ئاوییە، 35ـەم گەورەترین وڵاتی جیهانە. وڵاتەکە دەکەوێتە نێوان هێڵی پانی 10 و 27ـی باشوور و هێڵی درێژی 30 و 41ـی ڕۆژهەڵات و بە ڕووباری زامبێزی (Zambezi River) دابەش دەکرێت بەسەر دوو ناوچەی تۆپۆگرافیدا. جگە لەوەش، وڵاتەکە خاوەنی پێنج ڕووباری گەورە و کۆمەڵە ڕووبارێکی بچووکترە کە گرنگترینیان ڕووباری زامبێزیە، لەگەڵ ئەوەشدا چوار دەریاچەی دیاری هەیە.
کەشوهەوا
کۆماری مۆزەمبیق کەشوهەوایەکی خولگەیی هەیە لەگەڵ دوو وەرز، وەرزێکی باراناوی کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئازار بەردەوام دەبێت لەگەڵ وەرزێکی وشک لە مانگی نیسانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئەیلوول دەخایەنێت. بەڵام بارودۆخی ئاووهەوای ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی بەپێی بەرزی و نزمی ناوچەکان دەگۆڕێت. بڕی دابارینی باران بەدرێژایی کەناراوەکان بەرزە، بەڵام هەتا بەرەو باکوور و باشوور بچین نزم دەبێتەوە. بڕی دابارینی باران ساڵانە بەپێی ناوچەکە و لە نێوان 500 بۆ 900 مللیمەتردا دەگۆڕێت. گێژەلووکەکانیش لە وەرزی باراناویدا باون. تێکڕای پلەی گەرمی لە ماپوتۆی پەیتەخت لە 13 بۆ 24 پلەی سەدی لە مانگی تەممووز و لە 22 بۆ 31 پلەی سەدی لە مانگی شوباتدا دەگۆڕێت.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
زانیاری گشتی
ساڵ | ژمارەی دانیشتووان |
1950 | 5,959,000 کەس |
1960 | 7,185,000 کەس |
1970 | 9,023,000 کەس |
1980 | 11,630,000 کەس |
1990 | 12,987,000 کەس |
2000 | 17,712,000 کەس |
2010 | 23,532,000 کەس |
2020 | 31,255,000 کەس |
2023 | 32,514,000 کەس |
بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی مۆزەمبیق نزیکەی سی ملیۆن کەسە و بەمەش دەبێتە 45ـەم گەورەترین وڵاتی جیهان، هەروەها چڕی دانیشتووانی وڵاتەکە 28.7 دانیشتووە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. پارێزگاکانی باکووری ناوەڕاست، زامبێزیا و نامپولا، قەرەباڵغترین ناوچەی وڵاتن و نزیکەی 45%ـی دانیشتووانی مۆزەمبیقیان تێدا نیشتەجێیە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەزندە چوار ملیۆن هاوڵاتی ماکوای لە بەشی باکووری وڵاتدا نیشتەجێن، ژمارەیەکی دیار ئەندامانی گەلەکانی سەینا و شۆناش لە دۆڵی زامبێزیدا جێگیرن و خەڵکی تسۆنگا و شانگانیش لە بەشی باشووری مۆزەمبیقدا نیشتەجێن. گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەی دانیشتووانی وڵاتەکە بریتین لە مەکۆندەی، یاو، سواحیل، تۆنگا، چۆپی و نگونی. خەڵکی بانتو 97.8%ـی دانیشتووان پێکدێنن، ئەو ڕێژەیەشی کە دەمێنێتەوە دانیشتووی بە ڕەچەڵەک پورتوگالی، ئەورووپی-ئەفریقی و هیندین. نزیکەی 45,000 کەسی بە ڕەچەڵەک هیندی لە کۆماری مۆزەمبیق نیشتەجێن. تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی وڵات 17 ساڵیە، نێرەکان 16.3 ساڵ و مێیەکان 17.6 ساڵی.
لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆلۆنیالی پورتوگالیدا، کەمینەیەکی زۆری خەڵکی بە ڕەچەڵەک پورتوگالی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە نزیکەی زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا دەژیان و ژمارەی مۆزەمبیقییەکان و ئەفریقییە بە ڕەچەڵەک ئەورووپییەکانی وڵات لە کاتی سەربەخۆییدا نزیکەی 360 هەزار کەس بوو. زۆرێکیان لە دوای سەربەخۆیی مۆزەمبیق لە پورتوگال لە ساڵی 1975 وڵاتیان بەجێهێشت. هەروەها، ژمارەی دانیشتووە چینییەکانی وڵات بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2007 لە نێوان 7,000 بۆ 12,000 کەسدا دەگۆڕێت. بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی 2011، تێکڕای ڕێژەی بەپیتی لە هەر ژنێکی وڵاتدا 5.9 منداڵ بوو، لە ناوچە گوندنشینەکاندا 6.6 منداڵ و لە ناوچە شارییەکاندا 4.5 منداڵ.
زمانەکان
پورتوگالی زمانی فەرمیی وڵاتی مۆزەمبیقە و بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو دانیشتووانی وڵاتەکەدا بەکاردێت، بە ڕێژە 50.3%ـی دانیشتووانی وڵات بە زمانی پورتوگالی قسە دەکەن. دانیشتووە عەرەب و چینی و هیندییەکانی وڵات بە پلەی یەکەم بە زمانی پورتوگالی دەدوێن، جگە لە هەندێکیان کە بە زمانی هیندی قسە دەکەن. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2007 زمانە قسەپێکراوەکانی دانیشتووان و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ماكوا | 26.13% |
پورتوگالی | 16.58% |
تسۆنگا | 8.63% |
نیانجا | 8.05% |
سەینا | 7.09% |
لۆموی | 7.08% |
چووابو | 4.72% |
تسوا | 3.76% |
نداو | 3.76% |
زمانە مۆزەمبیقیەکانی تر | 11.84% |
زمانە بیانییەکانی تر | 0.51% |
ئەوانەی بە هیچ کاملەم زمانانە نەدەدوان | 0.02% |
زمانە نەزانراوەکان | 1.83% |
ئایین
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2007، ئایینی مەسیحی ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتە و بەڕێژە 59.2%ـی دانیشتووانی کۆماری مۆزەمبیق پێک دەهێنن، بەدوای ئایینی مەسیحیدا ئایینی ئیسلام دێت و موسوڵمانان 18.9%ـی دانیشتووانی وڵاتن، جگە لەوانەش پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر، بە شێوەیەکی سەرەکی گیانکیهتی (بڕوابوون بەوەی کە لە دنیادا هموو شتێک گیانی هەیە)، 7.3%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و 13.9%ـی دانیشتووانی مۆزەمبیق پەیڕەوییان لە هیچ ئایینێک ناکەن. ڕاپرسییەکی ساڵی 2015ـی حکوومەت ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی کاسۆلیکەکان بۆ 30.5%ـی دانیشتووان و موسوڵمانان 19.3%ـی دانیشتووان بەرزبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرووپە جیاوازەکانی پرۆتستانت بە شێوەیەکی گشتی 44%ـی کۆی دانیشتووانیان پێکهێناوە. ئەمە لە کاتێکدا کە بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2018 ئایینە پەیڕەوکراوەکان و ڕێژەیان لە دانیشتووانی وڵاتەکەدا بەم شێوەیە بوو:
کاسۆلیک | 28% |
موسوڵمان | 18% (بەزۆری سوننە مەزهەب) |
مەسیحیی زایۆنیست | 15% |
پرۆتستانت | 12% |
پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر | 7% |
بێ ئایینەکان | 18% |
ئابووریی وڵاتەکە
هەرچەندە گەشەی ساڵانەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) مۆزەمبیق لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 2006ـدا نزیکەی 8% بوو بەڵام یەکێکە لە هەژارترین و دواکەوتووترین وڵاتانی جیهان. ئابووری وڵاتەکە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ماسیگرتن، کشتوکاڵ، پیشەسازییەکی گەشەسەندووی خۆراک و خواردنەوە، بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی، ئەلەمنیۆم و نەوت دەبەستێت، بەڵام کەرتی گەشتیاری لە گەشەکردندایە و ژینگەی سروشتیی وڵاتەکە، گیانلەبەرە کێوییەکان، میراتی مێژوویی، کولتوور و ژینگەگەڕوانی ژمارەیەکی باش گەشتیار بۆ وڵاتەکە ڕادەکێشن. لە ساڵی 2013ـدا نزیکەی 80%ـی دانیشتووانی وڵات لە کەرتی کشتوکاڵدا کاریان دەکرد.