نەیجەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-10-26-19:55:00 - کۆدی بابەت: 11531
نەیجەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وڵاتی نەیجەر (بە ئینگلیزی: Niger یان the Niger، بە عەرەبی: نيجر، بە فەڕەنسی: Niger)، بە فەرمی کۆماری نەیجەر (بە ئینگلیزی: Republic of the Niger)، وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە لە ئەفریقای ڕۆژئاوا. ئەم دەوڵەتە سەربەخۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ لیبیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ چاد، لە باشوورەوە لەگەڵ نێجیریا، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ بێنین و بورکینا فاسۆ، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ مالی و لە باکووری ڕۆژئاوا لەگەڵ جەزائیردا هاوسنوورە. ڕووبەری زەوییەکەی نزیکەی 1,270,000 کیلۆمەتر دووجایە، ئەمەش دەیکات بە گەورەترین وڵاتی بە زەوی دەورەدراوی ئەفریقای ڕۆژئاوا. زیاتر لە 80%ـی ڕووبەری زەوییەکەی دەکەوێتە بیابانی سەحاراوە. ژمارەی دانیشتووانەکەی 25 ملیۆن کەسە، زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن و لە باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا دەژین. شاری نیامەی پایتەختی نەیجەرە و دەکەوێتە گۆشەی باشووری ڕۆژئاواوە.

ناو  نەیجەر، بە فەرمی کۆماری نەیجەر
پایتەخت و گەورەترین شار نیامەی
سەربەخۆیی لە فەڕەنسا سێی ئابی 1960
حکوومەت کۆماری یەکگرتوو لەژێر دەسەڵاتێکی جونتای سەربازی
سەرۆکی وڵات عەبدولڕەحمان تیانی
زمانی فەرمی فەڕەنسی
ڕووبەری گشتی 1,267,000 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2023 25,396,840
چڕیی دانیشتووان 12.1/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
کۆدی تەلەفۆن 227+
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان ئیسلام
یەکەی دراو فرانسی CFAـی ئەفریقای ڕۆژئاوا (XOF)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2022 29.9 ملیار دۆلار

لەڕووی وشەزانییەوە

ناوی وڵاتەکە، نەیجەر (Niger)، لە ناوی ڕووباری نەیجەرەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە بەشی ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا دەڕوات. بەڵام سەرچاوەی ناوی ڕووبارەکە نادیارە. ڕێنووسی مۆدێرنی نەیجەر (Niger) بۆ یەکەمجار لەلایەن زانای بەربەری لیۆ ئەفریقی (Leo Africanus)ـیەوە لە ساڵی 1550ـدا تۆمارکراوە، لەوانەیە لە دەستەواژەی توارێگی (gher-n-gheren)ـیەوە وەرگیرابێت کە بە واتای "ڕووباری ڕووبارەکان" دێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی کۆماری نەیجەر لە ساڵی 1960ـدا 3.4 ملیۆن کەس بوو، ژمارەی دانیشتووان بەخێرایی گەشەی کرد و ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021ـدا گەشتە 25,252,722 دانیشتوو، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ئێستادا 3.3%ـەیە (7.1 منداڵ بۆ هەر ئافرەتێک). ئەم ڕێژەی گەشەکردنە یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکانی جیهان و جێگەی نیگەرانی حکوومەت و دەزگا نێودەوڵەتییەکانە. زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەکە گەنجە، تەمەنی 49.2%ـیان لە خوار 15 ساڵی و 2.7%ـیان لە سەرووی 65 ساڵییەوەن. هەروەها، زۆرینەیان گوندنشینن و تەنها 21% لە ناوچە شارییەکان دەژین. لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2005ـدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 800 هەزار دانیشتوو (نزیکەی 8٪ـی دانیشتووان)ـی نەیجەر کۆیلەن.

لەڕووی نەتەوەییەوە

وەک زۆربەی وڵاتانی ئەفریقای ڕۆژئاوا، کۆماری نەیجەر خاوەنی چەندین گرووپی نەتەوەی جۆراوجۆرە. پێکهاتەی نەتەوەیی وڵاتەکە لە ساڵی 2001 بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • هاوسا: 55.4%
  • زارما و سۆنگهای: 21%
  • توارێگ: 9.3%
  • فولا: 8.5%
  • کانوری مانگا: 4.7%
  • توبو: 0.4%
  • عەرەب: 0.4%
  • گۆرما: 0.4%
  • نەتەوەکانی تر: 0.1%

زمانەکان

فەڕەنسی زمانی فەرمیی کۆماری نەیجەرە و وەک زمانی دووەم بەکار دەهێنرێت. جگە لە فەڕەنسی دە زمانی نەتەوەیی لە وڵاتەکەدا بەکاردێت، ئەوانیش بریتین لە عەرەبی، بودوما، فولفولد، گۆرما، هاوسا، کانوری، زارما و سۆنگهای، توارێگ، تاساواق و تیبو. هەریەک لەم زمانانە وەک زمانی یەکەمی گرووپە نەتەوەییەکانیان قسەیان پێ دەکرێت. هاوسا و زارما-سۆنگهای، دوو قسەپێکراوترین زمانن و بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک زمانی یەکەم یان دووەم لە سەرانسەری وڵاتدا قسەیان پێ دەکرێت.

ئایین

ڕێژەی سەدی

ئایین لە نەیجەر

99.3%

ئیسلام

0.3%

مەسیحی

0.2%

ئەنیمیست

0.1%

بێ ئایین

نەیجەر وڵاتێکی سێکولارە و ئازادی ئایینی بە ماددەی 30ـی دەستووری ساڵی 2010 گەرەنتی کراوە. ئایینی ئیسلام لە سەدەی دەیەمەوە لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتە، بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2012 لەلایەن 99.3%ـی دانیشتووانی نەیجەرەوە پەیڕەو دەکرێت. دوو ئایینی سەرەکی تری دانیشتووانی نەیجەر بریتیین لە ئایینی مەسیحی کە لەلایەن 0.3%ـی دانیشتووان و ئەنیمیست کە لەلایەن 0.2%ـی دانیشتووانەکەیەوە پەیڕەو دەکرێت. هەروەها، 0.1%ـی دانیشتووانی وڵات سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نین. زۆربەی زۆری موسڵمانانی کۆمارەکە سوننە مەزهەبن، تەنیا 7%ـیان شیعە مەزهەب، 5%ـیان ئەحمەدی و 20%ـیان موسڵمانی نامەزهەبین.

پەروەردە

ڕێژەی خوێندەواری نەیجەر لەنێو نزمترین ئاستی وڵاتانی جیهاندایە، لە ساڵی 2005ـدا بە مەزندە تەنها 28.7% (42.9% نێر و 15.1% مێ)ـی دانیشتووانی وڵات خوێندەوار بوون. خوێندنی سەرەتایی لە نەیجەر بۆ ماوەی شەش ساڵ ناچارییە. ڕێژەی ناونووسکردن و ئامادەبوون لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا نزمە، بەتایبەتی کچان. لە ساڵی 1996ـدا، ڕێژەی ناونووسین لە قۆناغی سەرەتاییدا لەسەدا 24.5 بوو و لە ساڵی 1997ـدا ئەم ڕێژەیە گەشتە لەسەدا 29.3. نزیکەی لەسەدا 60ـی ئەو منداڵانەی کە خوێندنی سەرەتایی تەواو دەکەن کوڕن، زۆربەی کچان بە دەگمەن زیاتر لە چەند ساڵێکی کەم دەچنە قوتابخانە. زۆرجار منداڵان ناچار دەکرێن کار بکەن تا ئەوەی بچنە قوتابخانە، بەتایبەتی لە کاتی چاندن یان دروێنەکردندا. ئەمە جگە لەوەی منداڵانی کۆچەری لە بەشی باکووری وڵات زۆرجار دەستیان بە قوتابخانە ناگات.

تەندروستی

ڕێژەی مردنی منداڵان لە نەیجەر بەرزە لە هەر هەزار منداڵێک 248ـیان دەمرن، هۆکاری ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی باری تەندروستی و کەمی خۆراک. بەپێی ڕێکخراوی منداڵپارێز، نەیجەر بەرزترین ڕێژەی مردنی کۆرپەی لە جیهاندا هەیە. هەروەها ڕێژەی بەپیتی ئافرەتانی وڵات بەرزترینی جیهانە و بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2017 هەر ژنێکی وڵات 6.49 منداڵی دەبێت. لە ساڵی 2020ـدا تەمەنی نزیکەی نیوەی (49.7%)ـی دانیشتووانی نەیجەر لە خوار 15 ساڵییەوە بوو. جگە لەوەش، ڕێژەی مردنی دایکان لە وڵاتەکەدا بەرزە و لە ڕیزبەندی 11ـەیەم بەرزترینی جیهاندایە، لە 100,000 دایکدا 820ـیان بەهۆی سکپڕی یان بەسەر منداڵەوە دەمرن. لە ساڵی 2006ـدا لە هەر 100 هەزار کەسێکیاندا سێ پزیشک و 22 پەرستار هەبوون. کەمی ئاوی خواردنەوە گرفتی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردوە، بەتایبەتی ناوچە گوندنشینەکان کە لە وەرزی گەرمادا پلەکانی گەرما 40 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن.

لەڕووی جوگرافییەوە

نەیجەر وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە لە ئەفریقای ڕۆژئاوا و لە نێوان هێڵەکانی پانی 11° و 24°ـی باکوور و هێڵەکانی درێژی 0° و 16° ڕۆژهەڵاتدایە. ڕووبەرەکەی 1,267,000 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەو ژمارەیەش 300 کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئاویە. ئەمەش وایکردووە کە قەبارەکەی کەمتر لە دوو هێندەی فەڕەنسا و 21ـەم گەورەترین وڵاتی جیهان بێت. نەیجەر هاوسنوورە لەگەڵ حەوت وڵات و کۆی چێوەکەی 5,697 کیلۆمەترە. درێژترین سنووری لە بەشی باشوورەوەیە کە لەگەڵ نێجیریادایە و 1,497 کیلۆمەترە، دواتر لە ڕۆژهەڵاتەوە چاد دێت کە 1,175 کیلۆمەتر، جەزائیر لە باکوور-باکووری ڕۆژئاوا 956 و مالی بە 821 کیلۆمەتر. نەیجەر لەوپەڕی باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ بورکینا فاسۆ و بێنیندا هاوسنوورە، یەکەمیان 628 کیلۆمەتر و دووەمیان 266 کیلۆمەتر لە وڵاتەوە دوورە، بە هەمان شێوە لە بەشی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە بە درێژایی 354 کیلۆمەتر لەگەڵ لیبیادا هاوسنوورە. نزمترین خاڵ لە نەیجەر ڕووباری نەیجەرە کە بەرزییەکەی ٢٠٠ مەترە و بەرزترین خاڵ لە زنجیرە چیای (ئێر)ـە کە 2,022 مەتر بەرزە. زەوی نەیجەر بەزۆری لە دەشتە بیابانییەکان و لمە تەپۆڵکەکان پێکهاتووە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای گەرمتر و وشکتری ناوچە بیابانییەکان دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە هەندێک ناوچەدا. کەشوهەوای بەشی باشوور لە لێوارەکانی حەوزی ڕووباری نەیجەردا خولگەییە.


سەرچاوەکان



474 بینین