نیوکاسڵ ئەپۆن تاین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-11-20:36:00 - کۆدی بابەت: 9799
نیوکاسڵ ئەپۆن تاین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیوکاسڵ ئەپۆن تاین (بە ئینگلیزی: Newcastle upon Tyne، بە عەرەبی: نيوكاسل أبون تاين)، یان بە سادەیی نیوکاسڵ، شارێکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا. شارەکە دەکەوێتە کەناری باکووری ڕووباری تاین. هەروەها نیوکاسڵ قەرەباڵغترین شاری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرایە. ژمارەی دانیشتووانی نیوکاسڵ لە ساڵی ٢٠١٥ـدا بە ٢٩٣٫٠٠٠ کەس خەمڵێندرا و ڕووبەری ڕووی شارەکە ١١٥٫١ کیلۆمەتر دووجایە.

مێژووی شارەکە

مێژووی نیوکاسڵ ئەپۆن تاین بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەو کاتەدا لەلایەن ڕۆمەکان، ئەنگڵەکان و ئۆسکندیناڤییە کۆنەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە. لە سەرەتادا بە ناوی ڕۆمانی (Pons Aelius) ناسرا، ناوی (نیوکاسڵ) لە دوای داگیرکردنی ئینگلتەرا لەلایەن نۆرمانەکانەوە بەکارهاتووە. هەروەها بەهۆی شوێنە سەرەکییەکەی لەسەر ڕووباری تاین (Tyne)، شارۆچکەکە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و ڕۆڵێکی سەرەکی لە شۆڕشی پیشەسازیدا گێڕا. لە ئێستادا شارەکە گەورەترین ناوەندی بازرگانی و کولتوورییە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی نیوکاسڵ لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ٢٩٣٫٠٠٠ کەس بوو. سەرەڕای ئەوەش، نیوکاسڵ خاوەنی ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی کاتییە لە خوێندکارانی زانکۆکانی نیوکاسڵ و نۆرسەمبریا. بەپێی هەمان ئامار، تێکڕای تەمەنی ئەو کەسانەی لە نیوکاسڵ دەژین ٣٧٫٨ ساڵە، لەکاتێکدا تێکڕای نیشتمانی ٣٨٫٦ ساڵە.

ئایین

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، دوو ئایین لە شارەکەدا دەستنیشان کرا، ئەوانیش بریتی بوون لە مەسیحی و ئیسلام. ٥٦٫٦٪ـی دانیشتووانی شارەکە خۆیان بە مەسیحی و ٦٫٣٪ـی دانیشتووان وەک موسڵمان ناساند. لە کاتێکدا زیاتر لە ٢٨٪ـی دانیشتووان ڕایانگەیاندووە کە سەر بە هیچ ئایینێک نین.

ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، زۆربەی پێکهاتە نەتەوەییەکانی گەورەشاری نیوکاسڵ ئەپۆن تاین سپی پێست بوون، کە بە ڕێژە ٨٥.٣٪ـی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنا (بە سپی پێستە بەریتانییەکانیشەوە). ئاسیاییەکان ٩٫٨٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنا (٢٫٣٪ پاکستانی، ١٫٧٪ بەنگلادیشی، ١٫٨٪ هیندی، ٢٫٢٪ چینی، ١٫٨٪ ئاسیایی دیکە). ڕەش پێستەکان بەشێکی کەم لە دانیشتووان پێک دەهێنن (١٫٧٪ ڕەش پێستەکانی ئەفریقا، ٠٫١٪ ڕەش پێستەکانی کاریبی و ٠٫١٪ ڕەش پێستەکانی تر)، هەروەها گرووپە ڕەگەزی تێکەڵ بە ١٫٦٪ (٠٫٦٪ ئاسیایی و سپی پێست، ٠٫٣٪ سپی و کاریبی، ٠٫٣٪ سپی پێست و ئەفریقی، ٠٫٤٪ سپی پێست و نەتەوەکانی دیکە). پاشان عەرەبەکان قەبارەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی نیوکاسڵ پێک دەهێنن بە ڕێژەی ٠٫٩٪ـە و ٠٫٥٪ـی دانیشتووان سەر بە نەتەوەکانی ترن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی نەتەوە کەمینەکان لە ناوچەکانی تری شارەکەدا دەدۆزرێنەوە.

بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـی شانشینی یەکگرتوو، ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون، بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی هیندستان (٣٫٣١٥ کەس)، چین (٣٫٢٧٢ کەس)، پاکستان (٢٫٦٤٤ کەس)، بەنگلادیش (٢٫٢٧٦ کەس)، پۆڵەندا (١٫٤٧٣ کەس)، ئەڵمانیا (١٫٣٥٧ کەس)، نەیجیریا (١٫٢٢٦ کەس)، ئێران (١٫١٦٤ کەس)، هۆنگ کۆنگ (١٫٠٣٨ کەس) و ئێرلەندا (٩٤٢ کەس). لە باکووری ڕۆژهەڵات و لەڕووی نەتەوەییەوە نیوکاسڵ هەمەچەشنەترین ناوچە بوو و میدلزبرۆ بە پلەی دووەم هات. هەروەها دانیشتوویەکی بەرچاوی چینی و جوولەکە و ئەورووپای ڕۆژهەڵات لە ناو شارەکەدا هەن. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ دەڵێت لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ بۆلیڤیایی لە شارەکەدان.

ئابووری

لەڕووی مێژووییەوە، ئابووری شارەکە پشتی بە بەندەرەکەی بەستبوو و بە تایبەتی، پێگەی وەک یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی دروستکردن و چاککردنەوەی کەشتی لە جیهاندا. لە ئێستادا ئابووری شارەکە هەمەچەشنەیە و بەرهەمی ئابووری سەرەکی لە بواری زانست، دارایی، بازرگانی وردە، پەروەردە و گەشتیاریدا هەیە. نیوکاسڵ یەکێکە لە شارە سەرەکییەکانی شانشینی یەکگرتوو، هەروەها بەشێکە لە تۆڕی ئورۆسیتیس.

کەشوهەوا

شاری نیوکاسڵ کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. کاتێک تەوژمەکانی سەرما لە باکووری خۆرهەڵاتەوە هەڵ دەکەن دەشێت بەفر لە شارەکەدا ببارێت. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٦- و ٧- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ـدا ١٦- پلەی سەدی بوو.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت و ڕێژەی دابارین لەم وەرزەدا کەمێک جیاوازترە لە وەرزی زستان.

بەهۆی شوێنەکەیەوە لە باکوور و کەنارەکانی ڕۆژهەڵات، کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا فێنکە، بەجۆرێک کە بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگەکانی تەممووز و ئاب تەنها دەگاتە ١٩ پلەی سەدی. تەنانەت ئەو شەپۆلە گەرمییە کورتخایەنانەی کە هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری لەسەر ناوەڕاست و باشووری ئینگلتەرا هەبێت، بەگشتی ناگەنە شارەکە. لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا، پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی دەگاتە ٢٧ بۆ ٢٨ پلەی سەدی، بەدەگمەن لەم پلەیە بەرزتر دەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی ١٩٩٠ـدا گەیشتە ٣٢ پلەی سەدی و لە مانگی ئابی ٢٠٠٣ـدا گەیشتە ٣٠ پلەی سەدی.

لە مانگی حوزەیراندا، دەشێت کەشی شارەکە تەواو سارد ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزترین پلەی گەرمی ١٠ بۆ ١٢ پلەی سەدییە. لە هاویندا و لە کاتەکانی شەو و بەیانی زوودا دەشێت تەم دروست بێت، تەنانەت لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، دەکرێت هەندێک جار بەرزترین پلەی گەرما لە دەوروبەری ١٤ بۆ ١٥ پلەی سەدیدا بمێنێتەوە.

هەروەها باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب و پلەکانی گەرما لەم کاتەدا بەگشتی خۆشن.

ساڵانە ٦٨٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی شوباتە ٤٠ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی دووەمە ٧٠ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٤٤٥ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

۱. پردی نیوکاسڵ ئەپۆن تاین

۲. پردی هەزارە

۳. قەڵای نیوکاسڵ

٤. کڵێسای نیوکاسڵ

٥. گۆڕەپانی ئێلدن

٦. پێشەنگای نیگارکێشی لاینگ

۷. مۆزەخانەی دیسکەڤەری

٨. سەنتەری زانستی ژیان

۹. گەیت شێد

۱۰ جێسمۆند دێن


سەرچاوەکان



422 بینین