کابوول

له‌لایه‌ن: - سەنا محێدین - به‌روار: 2022-04-11-23:45:00 - کۆدی بابەت: 8218
کابوول

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کابوول (بە ئینگلیزی: Kabul)، پایتەختی وڵاتی ئەفغانستانە، ناوەندی بەڕێوەبردن و سیاسی وڵاتی ئەفغانستانە، لە بەرزی ١٫٧٩٢ مەتر لە ڕووی دەریاوە هەڵکەوتووە، لە دۆڵێکی درێژ و باریک لە نێوان کێوەکانی هەندوکش و بەدرێژای دەریای کابوول درێژ دەبێتەوە، ئەم شارە دەبەسترێتەوە بە شارەکانی هیرات قەندەهار و مەزاری شەریف لە ڕێگای ڕێگا سەرەکییە بازنەییەکان کە بەدرێژایی وڵات بڵاوبونەتەوە، هەروەها کابوول لەسەر ڕێگای سەرەکی شاڕێی جەلال ئابادە کە بە ئاڕاستەی پیشاوەری پاکستانە.

ناوی کابوول

کابوول یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان کە لە کتێبی پیرۆزی (ویدا) دا بەناوی (کبە) و لە ئاڤێستادا بە ناوی (کوب ها) ناوی هێنراوە، نووسەرە یۆنانییە کلاسیکەکان بە (کۆفن) و خەڵکی فارس بە (خوسپس) ناویان هێناوە.

مێژووی شارەکە

شاری کابوول مێژوویەکی ٣٥٠٠ ساڵەی هەیە و یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە ستراتیجییەکەیەوە هەر لە کۆنەوە پاشاگەلێکی زۆر هەوڵی داگیرکردنیان داوە، بەدرێژایی مێژوو لەلایەن ئیمپراتۆرییە گەورەکانی سەردەمەوە بەڕێوەبراوە، نزیکەی پێنج سەدە پێش زایین لەلایەن هەخامەنشینەکانەوە داگیرکراوە و دواتر لەلایەن سلوکییەکان، پاشاکانی موریا، کوشانییەکان، زنجیرەی مەغۆلەکان، سەفەوییەکان، غەزنەوییەکان و غورییەکانەوە بەڕێوەبراوە. لە ساڵی ١٥٠٤ هەتا ١٥٢٦ـی زایینی شاری کابوول ناوەندی فەرمی بابر بووە کە دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی گورگانییەکان بووە. لەدوای ئەوە هەتا ساڵی ١٧٣٨ لەژێر فەرمانڕەوایی دهلیدا بوو کە نادر پاشا و هێزەکانی ئەفشارییەکان هێرشیان کردە سەر گورگانییەکان لە دوای مردنی نادر پاشا لە ساڵی ١٧٤٨ شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد پاشایی دوورانی کە زۆر بە خێرایی خستییە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ئەفغانی، لە ساڵی ١٧٧٦ تەیمور پاشای دورانی کابوولی کردە پایتەختی ئەفغانستان، لە ساڵی ١٩٨٠ بە دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت لەلایەن موجاهیدینەوە شارەکە کەوتە ژێر دەستی چەند گروپێکی جیاوازی شەڕخواز، لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢_١٩٩٦ کە شەڕی ناوخۆی لەنێوان گروپە چەکدارە ڕکابەرەکان دەستی پێکرد و بووە هۆی دروست بوونی حکومەت چوار ساڵەی تاڵیبان و هەزاران کەس لە خەڵکی کابوول و خەڵکی سڤیل کوژران و بووە هۆی زیانگەیاندنی زۆر بە ژێرخانی کابوول و کۆچی بەرفراوانی خەڵک لە کابوول و شوێنەکانی تری ئەفغانستان بەرەو وڵاتانی دراوسێ.

دانیشتوانیی شارەکە

دانیشتوانی کابوول لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە ٤٫٤٣٤,٠٠٠ کەس خەمڵێنراوە، کابوول بە یەکێک لە خێرا پەرەسەندووترین شارەکان دانراوە لە ڕێژەی دانیشتواندا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٤ کە هۆکارەکەی گەڕانەوەی ئەو خەڵکە کۆچکردووە بوو کە بەهۆی تاڵیبانەوە کۆچیان کردبوو، کابوول خاوەنی زۆرترین جۆراوجۆری نەتەوەییە لە ئەفغانستان دا.

ئایین

٪٦٨ی خەڵکەکەی مسوڵمانی پەیڕەوی ڕێبازی سوننەن و ٪٣٠ مسوڵمانی پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن و ٪٢ سۆفی و هیندۆسی و جوولەکە و مەسیحین.

زمان

کابوول خاوەنی زۆرترین نەتەوەی جیاوازە لە وڵاتدا و زمانی فارسی و دوری و پشتو بەشێوەیەکی فراوان لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێت، زمانی فارسی و دوریش خاوەنی شێوەزاری جیاوازن و زۆربەی خەڵکەکەی بە دوو زمان قسەدەکەن، بەپێی ئاماری ئەنجومەنی جوگرافیای نەتەوەیی نزیکەی لە٪٧٠ی خەڵک بە زمانی فارسی و ٤٥٪ تاجیکی و ٢٥٪ هەزارە و ٢٥٪ پشتون و ٥٪ نەتەوەکانی ترن.

شوێنە گەشتیارییەکانی

کابوول شارێکی مێژووییە، لەو ڕوانگەیەوە پاشماوەی مێژوویی و شوێنی گەشتیاریی زۆری هەیە. باخی بابر، قەرغە، باخی سەرەوە، باخچەی ئاژەڵان، ئارامگەی نادر پاشا، هونەرستانی میللی، مۆزەخانەی کابوول، ئەرشیڤی بەڵگە میللییەکان، بینایی زیارەتی ئاشقان و عاریفان، کۆشکی دارولئەمان و زۆری تر لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارەن.

خواردنە میللییەکانی

بەناوبانگترین خواردن لە پایتەختی ئەفغانستان دا پڵاوی کابوولی یان پڵاوی قابولییە.

ئابووری

زیاتر لە ٪٩٠ـی ئابووری شارەکە پشتی بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ بەستووە، بەرهەمهێنانی بەرهەمە چەرمییەکانیش بە یەکێک لە پیشە سەرەکییەکانی شارەکە دادەنرێت.


سەرچاوەکان



461 بینین