شانشینی سعوودیە

له‌لایه‌ن: - بژار یوسوف - به‌روار: 2021-05-27-14:23:00 - کۆدی بابەت: 69
شانشینی سعوودیە

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی

زمانی ڕەسمی عەرەبی
ئایینی ڕەسمی ئیسلام
دراو ڕیال - هەر ڕیاڵێکیش ١٠٠ هەلالە
داهاتی ساڵانەی تاک ١١٧٠٠ دۆلار
هێما ئینته‌رنێته‌که‌ی .sa
کۆدی ته‌له‌فۆن ٩٦٦

ناساندن

عەرەبستانی سعوودی (المملکة العربية السعودية) وڵاتێکی عەرەبییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕووبەرەکەی 2،149،690 کیلۆ مەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 27،123،977 کەس دەبێت. لە باکوورەوە لەگەڵ هەریەکە لە عێراق، ئوردن و کووەیت دراوسێیە، لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ یەمەن و عەممان لە رۆژهەڵاتییەوە وڵاتانی قەتەر، بەحرەین و ئیمارات و کەنداوی فارس هەیە، لە رۆژئاواشەوە دەریای سوور تەواوی سنوورەکەی گرتووەتەوە.

عه‌ره‌بستانی سعودی یه‌کێکه‌ له‌ وڵاته‌ ئایینیه‌ پیرۆزه‌كانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سه‌رده‌مانێک پاشایه‌تییه‌کی دواکه‌وتوو بوو له‌ قوژبنی بیابانێکی‌ چۆڵ و هۆڵدا، به‌ڵام ئێستاکه‌ له‌سایه‌ی سامانی زۆر و زه‌به‌نی‌ نه‌وته‌وه‌ بوه‌ته‌ یه‌کێک له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهان. جگه‌ له‌ نه‌وت، ئایینی‌ ئیسلام و هه‌بوونی‌ ماڵی‌ خوا و مه‌زاره‌ پیرۆزه‌کان له‌و وڵاته‌ بووه‌ته‌ خێر و به‌ره‌که‌ت و به‌سه‌ر سعودییه‌کاندا ڕژاوه‌. ساڵانه‌ ملیۆنان مرۆڤی‌ موسڵمان له‌ نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ رووده‌که‌نه‌ عه‌ره‌بستانی سعودی بۆ مەرامی (حەج و عومرە) و ئه‌مه‌ش واتای‌ قازانجی‌ گه‌وره‌یه‌کی‌ ئابوریی‌ و سیاسییه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌.

مێژوو

ناوی عه‌ره‌بستانی سعودی له‌ بنه‌ماڵه‌ی سعوده‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ که‌ له‌سه‌ده‌ی‌ 18 دا ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست. حیجاز که‌ شوینی له‌دایک بونی حه‌زره‌تی‌ محه‌مه‌ده‌ (د.خ) ، به‌لانکه‌ی ئیسلام ده‌ژمێردرێ و به‌شێکه‌ له‌ عه‌ره‌بستای سعودی. ئه‌مه‌و پشتگیری کردنی‌ بنه‌ماڵه‌ی سعود له‌ تێگه‌یشتنێکی توندڕه‌وانه‌ له‌ ئایینی‌ ئیسلام، وایکردووه‌ عه‌ره‌بستان سیمایه‌کی زه‌قی ئایینی به‌ خۆوه‌ بگرێ. شا عه‌بدولعه‌زیز ناسراو به‌ شێری نه‌جد دوای ئه‌وه‌ی حیجازی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی هاشمی ده‌رهێنا، له‌ ساڵی 1923 دا وڵاتێکی یه‌کگرتووی له‌ سه‌ر ناوی بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆی دامه‌زراند. له‌ دوای مردنی ئه‌و له‌ ساڵی 1953، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک کوڕه‌کانی شوێنی ئه‌ویان گرته‌وه‌.

دانیشتوان

بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی عەرەبستان 29,369,428 کەس بووە کە دەکاتە 0.41 لەسەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مامناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە 27.9 ساڵە. ھەروەھا 83 لە سەدی دانیشتوانی وڵات لە شارەکان دەژین.

دۆخی سیاسی

ده‌سه‌ڵاتی تاک لایه‌نه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سعود‌ بووه‌ هۆیه‌ک تا حاکمه‌ یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانی، بتوانن به‌ درێژایی سه‌ده‌ی بیست ته‌رکیزێکی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و به‌ره‌پێش بردنی عه‌ره‌بستانی‌ سعودی. به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ وای ده‌خواست تا هێمنی له‌ناوچه‌که‌دا سه‌قامگیر بێت و هێزه‌ رادیکاڵه‌کان سه‌رکوت بکرێن، هه‌ر بۆیه‌ له‌ پاش شه‌ڕی یه‌که‌می‌ که‌نداو به‌رپرسانی‌ سعودیە پێشوازییان له‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا کرد له‌ وڵاته‌که‌یاندا. پێده‌چێت به‌گژداچونی توندی دژبه‌ره‌کان هۆکارێک بوبێ بۆ ده‌رکه‌وتن و به‌هێزبونی گروپه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی وه‌ک قاعیده‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی ئوسامه‌ بن لادن. گروپه‌ توندڕه‌وه‌کان، ناره‌زایی ده‌ربڕینی خه‌ڵکیان له‌به‌رامبه‌ر هه‌بونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌دا وه‌ک هه‌لێک قۆستۆته‌وه‌. له‌ دوای په‌لاماره‌ تیرۆریستیه‌کانی 11 سێپته‌مبری ‌2001 که‌زۆرینه‌ی ئه‌نجامده‌ره‌کانی‌ هاووڵاتی سعودیە بوون، جارێکی دیکه‌ کاربه‌ده‌سته‌کانی‌ ریاز ڕووبه‌رووی دوو پرسیاری‌ گرنگ بوونه‌وه‌: ئایا به‌ پێی سروشتی خۆیان له‌ئاستی ناوخۆ گوشاره‌ ئه‌منییه‌کان زیاد بکه‌ن، یان داواکارییه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ ئازادی و کۆمه‌ڵگایه‌کی کراوه‌، له‌به‌ر چاوبگرن؟ دوای ته‌قینه‌وه‌ خۆکوژییه‌کانی مانگی ئایاری‌ 2003 له‌ ریاز که‌ 35 کوژراوی لێکه‌وته‌وه‌ که‌ ژماره‌یه‌کیان بیانی‌ بوون، هه‌ندێ له‌ سعودییه‌کان ئه‌م کرده‌وه‌یه‌یان به‌ په‌لاماری 11ی‌ سێپته‌مبەری‌ عه‌ره‌بستان له‌ قه‌ڵه‌مدا. هه‌ر له‌و کاته‌ به‌دواوه‌ له‌ لایه‌ک داواکارییه‌کان بۆ چاکسازی سیاسی زیاتر بوون و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ رێژه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ تێرۆریستیانه‌ی که‌ زیاتر هاوڵاتیانی بیانیان ده‌کرده‌ ئامانج روویان له‌ زیادبوون کرد. سه‌باره‌ت به‌و رووداوانه‌ش هه‌زاران که‌س له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشی سعودیەوه‌ ده‌سگیرکراون. به‌رێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌رێمیه‌کانی ساڵی 2005 وه‌ک یه‌که‌م نموونه‌ی دیموکراسییه‌کی سنوردار ده‌ژمێردرێت له‌و وڵاته‌دا. به‌ڵام هێشتا رێگه‌ به‌هه‌بوونی پارت و ڕێکخراوی سیاسی و چالاکی سیاسی نادرێت له‌و وڵاته‌دا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ته‌نیا چه‌ن که‌سێک ئه‌ویش له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌م بواره‌دا چالاکن وئه‌و که‌سانه‌ش که‌ له‌ ناوه‌وه‌ به‌ ئاشکرا داوای چاکسازی ده‌که‌ن مه‌ترسی گرتنیان له‌سه‌ره‌.

ئابووری

سعودیە ئابوورییەکی بە‌هێزی هەیە کە بەشێوەیەکی گشتی پشتی بە ناردنەدەرەوەی نەوت بەستووە، سعودیە خاوه‌نی 25% پاشکه‌وتی نه‌وتی جیهانه‌ و رۆژانه‌ دە ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێ، هه‌نارده‌ی سه‌ره‌کی نه‌وت و غازی سروشتی و دانه‌وێڵه‌یه‌.

ڕێبه‌رانی سیاسی

سه‌رۆکی وڵات و سه‌رۆکی حکومه‌ت: مه‌لیک عه‌بدوڵا کوری عه‌بدولعه‌زیزه‌. عه‌ره‌بستان له‌ساڵی 1923وه‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی سعوده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێ. شا عه‌بدوڵا له‌ ساڵی 2005 جێگه‌ی زڕبراکه‌ی خۆی واته‌ شا فه‌هدی‌ گرته‌وه‌ که‌ هه‌ر له‌و ساڵه‌ دا کۆچی دوایی کردبوو. شا عه‌بدوڵا له‌ساڵی 1924 له‌ دایک بووه‌ و له‌ سه‌ر دابونه‌ریتی ره‌سه‌ن و کۆنی عه‌ره‌ب په‌روه‌رده‌ کراوه‌ و هۆگری شێوازی ژیان و نه‌ریته‌ عه‌شایه‌رییه‌کانه‌ و باس له‌وه‌ ده‌کرێ کات وساتێکی زۆر له‌ سارا و بیابان به‌سه‌رده‌بات. له‌ساڵی 1982 بوه‌ جێگر یان وه‌لیعه‌هدی مه‌لیک فه‌هد و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌رکانیشی گرته‌ ئه‌ستۆ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بوه‌ته‌ به‌هێزترین که‌سایه‌تی له‌سعودیە. له‌ نیوه‌ی ده‌یه‌ی 1990 به‌ملاوه‌ ئه‌مه‌ شا عه‌بدوڵا بوو که‌ هه‌موو کاروباری وه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌ ده‌برد. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بوه‌ته‌وه‌ که‌ شا عه‌بدوڵا به‌ هاوکاری هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی حه‌وت زڕبراکه‌ی دیکه‌ی سنوردارکردۆته‌وه‌ که‌ به‌هێزترین کوتله‌ن له‌ بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردا. شا عه‌بدوڵا به‌ دژبه‌ری گه‌نده‌ڵی ماڵی و ئیداری ناسراوه‌، و ده‌وترێ لایه‌نگری چه‌شنێک له‌ ڕیفۆرمه‌ که‌ دژایه‌تی نه‌بێت له‌ گه‌ڵ نه‌ریته‌کانی سعودیەدا. له‌ جیهانی عه‌ره‌بدا وه‌ک داکۆکی کاری به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتییه‌کانی عه‌ره‌ب ناسراوه‌ و گه‌لێک جار ره‌خنه‌ی له‌ ئه‌مریکا گرتووه‌ له‌به‌ر لایه‌نگری ئه‌و ولاته‌ له‌ ئیسرائیل و ڕه‌خنه‌شی له‌ ئیسرائیل گرتووه‌ له‌سه‌ر داگیرکردنی فه‌له‌ستین. جێگری سه‌رۆکی جکومه‌ت: شازاده‌ سوڵتان کوری عه‌بدولعه‌زیز‌ە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ش: شازاده‌ سعود فه‌یسه‌ڵ کوری عه‌بدولعه‌زیزه‌ وه‌زیری ناوخۆ ئه‌و ولاته‌ش به‌ده‌ستی‌ شازاده‌یه‌کیتری‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ سعوده‌وه‌یه‌ به‌ناوی‌ نایف کوڕی عه‌بدولعه‌زیز

ڕاگه‌یاندنه‌کان

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ سعودیە له‌ پێشه‌نگه‌کانی بواری کاناڵه‌ ئاسمانییه‌ عه‌ره‌بییه‌کانه،‌ به‌ڵام راگه‌یاندنی ئه‌م وڵاته‌ زۆر به‌ وردی چاودێری ده‌کرێ. رێگه‌ به‌ هیچ جۆره‌ ره‌خنه‌یه‌ک نادرێت له‌بنه‌ماکانی ئایین یان له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ی سعود. له‌ساڵی 2003 راگه‌یاندنی ئه‌م وڵاته‌ که‌ش و هه‌وایێکی تاراده‌یه‌ک کراوه‌ی به‌ خۆوه‌ بینی و هه‌ندێ بابه‌ت که‌ پیشتر قه‌ده‌‌‌‌غه‌ بوون بڵاوده‌کرانه‌وه‌. ره‌نگه‌ ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ رێژه‌ییه‌ش له‌به‌ر روداوه‌کانی 11 سێپته‌مبەر و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی‌ تیرۆریزمی ناوخۆیی بوبێ. به‌رپرسیاری سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رنامانه‌ی له‌م وڵاته‌دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆی راگه‌یاندن و هه‌واڵنێرییه‌ ره‌سمییه‌کانی حکومه‌ته‌ که‌ له‌ چوار که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی‌ پێکهاتوون که‌ یه‌کیان که‌ناڵی هه‌واڵیی الخبریه‌یه‌. وه‌زیری کلتور و زانیاری گشتی سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌ی چاودێری رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌کانی وڵات ده‌کات. گه‌رچی ئه‌م وڵاته‌ بازاڕێکی گه‌وره‌ی کاناڵه‌ ئاسمانیه‌ عه‌ره‌بییه‌کانه‌ و سه‌رمایه‌داره‌ سعودیه‌کان خاوه‌نی هه‌ندێک له‌م که‌ناڵانه‌ ئاسمانییانه‌ن وه‌ک که‌ناڵی mbc که‌ نوسینگه‌که‌ی له‌شاری دوبه‌ی ئیماراته‌، به‌ڵام رادیۆ و ته‌فزیۆنه‌ ئه‌هلییه‌کان ناتوانن له‌ سعودیە نوسینگه‌ بکه‌نه‌وه‌. دانیشتوانی رۆژهه‌ڵاتی سعودیە ده‌توانن سه‌یری که‌ناڵه‌ ته‌له‌فیزیۆنییه‌کانی وڵاتانی که‌نداو بکه‌ن که‌ که‌شێکی کراوه‌تریان هه‌یه‌. سه‌رجه‌م رۆژنامه‌کان ته‌نیا به‌پێی نوسراوی ره‌سمی که‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ بۆیان ده‌رده‌چێ مافی بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بێ. له‌سعودیە به‌ده‌یان رۆژنامه‌ وگۆڤار بڵاوده‌کرێنه‌وه‌. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌کانی وڵاتانی دیکه‌ش به‌مه‌رجێک له‌ژێر سانسۆر ده‌ربچن ده‌گه‌نه‌ به‌رده‌ست خوێنه‌رانیان. رۆژنامه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ستیار و گرنگ سیاسه‌تی ده‌زگا هه‌واڵنێرییە ره‌سمییه‌کان ڕه‌چاو ده‌که‌ن.

ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ هه‌وڵێکی زۆری داوه‌ بۆ دانانی به‌ربه‌ست یان فیلته‌ر بۆ ئه‌و ماڵپه‌رانه‌ی که‌ به‌تێکده‌ر و ب ه‌زیانبه‌خش ناویان ده‌بات. هه‌ندێ که‌س پێیان وایه‌ ژنان زۆرترین رێژه‌ی به‌کارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت پێکده‌هێنن له‌سعودیە که‌ ئه‌مه‌ش گوزارشتێکه‌ له‌رێگرییه‌کی‌ توند له‌ به‌رده‌م چالاکی ئه‌وان له‌ بواره‌کانی دیکه‌دا.

گرنگترین بڵاوکراوه‌کان عه‌ره‌بستان ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌ن:

  • رۆژنامه‌کانی‌ ئه‌لوه‌ته‌ن-ئه‌لریاز-ئه‌لجەزیره‌- و عوکاز به‌ عه‌ره‌بی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌.
  • رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقول ئه‌وسه‌ت به‌ زمانی عه‌ره‌بی ده‌رده‌چێ و ماڵپه‌ره‌که‌ی به‌ زمانی ئینگلیزیه‌.
  • عه‌ره‌ب نیوز و سعودی گازێتیش به‌ زمانی ئینگلیزی بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌.

ته‌له‌فزیۆنی‌ سعودی تی‌ ڤی‌ و رادیۆی‌ سعودی رادیۆ و هه‌واڵنێری ده‌وڵه‌تی سعودییەش له‌و وڵاته‌ چالاکییان هه‌یه‌.


سەرچاوەکان



7095 بینین