میسر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-17-03:16:00 - کۆدی بابەت: 4574
میسر

ناوه‌ڕۆك

دایكی دونیا

وڵاتی میسڕ كە ناوە فەرمییەكەی (كۆماری میسڕی عەرەبی)ـیە، وڵاتێكی عەرەبییە و دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و لە نێوان كیشوەری ئاسیا و ئەفریقادایە، چونكە دوورگەی سینا دەكەوێتە ناو كیشوەری ئاسیا.

دانیشتوانەكەی ١٠٤ ملیۆن كەسن و زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانی نێو وڵاتە عەرەبییەكانی هەیە، كەناراوەكانی دەكەونە سەر هەردوو دەریای سپی و سوور، و لەگەڵ حەوت وڵات دراوسێیە و ڕووبەرەكەی یەك ملیۆن كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و لە ٢٧ پارێزگا پێكدێت.

زۆرینەی دانیشتوان لە نزیك ڕووباری نیل نیشتەجێ بوون كە %٤ـی ڕووبەری وڵات داگیردەكات و ٣٣ هەزار كیلۆمەتری دووجایە، چارەكێكی كۆی گشتی دانیشتوان لە شاری قاهیرە دەمێننەوە، لە دوای ئەویش ئەسكەندەرییە، زۆرینەی وڵاتیش لە بیابان پێكدێت.

میسڕ خاوەنی یەكێك لە كۆنترین شارستانییەتەكانی گۆی زەوییە، كاتێك ١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا خەڵكی كشتوكاڵیان لە سنوورەكانی نیلدا كردووە، كە چەند ناوچەیەك بوون لە دەوروبەری ڕووبارەكە و پەیوەندی بازرگانییان هەبووە، هەریەك لە شارستانییەتەكانی بەداری لە ٧٠٠٠ ساڵ پێش زایین و نەقادە لە ٤٤٠٠ ساڵ پێش زایین ئەمە دەسەلمێنن.

دواتریش ناوچەكان لە سەردەمی الأسرات لە ٣٠٠٠ ساڵ پ.ز یەك دەگرن لە ژێر حوكمێكی مەركەزی، و بەردەوام دەبن لە بازرگانی و یەكێكە لە كۆنترین ئەو وڵاتانەی بازرگانی كردووە.

میسڕ وەك وڵاتێكی دێرین چەندین سەدە و سەردەمی مێژوویی بینیووە، لە شارستانی فارسەكانەوە (٣٤٣ ساڵ پێش زایین) دواتر ئەسكەندەری گەورە و دەوڵەتی بەتڵەمی، دواتریش ڕۆمەكان كە ٣١ ساڵ پێش زایین هاتن و ٦٠٠ ساڵ حوكمیان كرد، و لەو سەردەمەش ئایینی مەسیحی بڵاوبوویەوە تێیاندا، دواتریش فەتحی ئیسلامی (٦٣٩ـی زایینی) و میسڕ بووە دەوڵەتێكی ئیسلامی، دواتریش دەوڵەتی تۆڵۆنی و ئەخشیدی و فاتیمییەكان و ئەیوبییەكان و مەمالیك، دواتریش عوسمانییەكان تاوەكو ساڵی ١٩١٤ و لە ١٩٢٢ وڵاتەكە بوو بە شانشین، دواتریش لە ١٩٥٤ گۆڕا بۆ كۆماری میسڕ.

وڵاتی میسڕ یەك لەسەر سێی تەواوی شوێنەوارەكانی جیهانی تێدایە، وەك هەرەمەكانی جیزە و ئەبوهول، پەرستگای كەرنەك و دیر البحری و دۆڵی پادشاكان (وادی الملوك)، شوێنەوارەكانیش لە زۆرینەی مۆزەخانەكانی جیهان بڵاوبوونەتەوە، تەنانەت زانستێكی تایبەت هەیە كە دەخوێنرێ بەناوی زانستی میسڕییەكان.

زمانی میسڕی كۆن ٣٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا هەبووە، لەو ساڵانەدا نووسینی هیرۆگلیفییان داهێناوە، ئێستاش زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە و ئایینی ئیسلامیش بەپێی دەستوور ئایینی فەرمییە، بەڕێوبردنی وڵاتیش بە شێوازی كۆماری دیموكراتییە، میسڕ یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی و بنكەی سەرەكی لە میسڕە، و یەكێكیشە لە دامەزرێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە سەرەتای دروستكردنیەوە ئەندامە تێیدا، هەروەها ئەندامی یەكێتی ئەفریقایە و لە چەندین ڕێكخراوی جیهانیشدا بەشدارە،

نازناو دایكی دونیا
پایتەخت قاهیرە
شێوازی حکوومەت كۆماری دیموكراتی نیمچە سەرۆكایەتی
سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی
دراو جونەی میسڕی
تەلەفۆنی فریاكەوتن

١٢٢ پۆلیس

١٢٣ ئەمبۆڵانس

١٨٠ بەرگری شارستانی

سایدی ڕێگاوبان ڕاست
كۆدی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی +٢٠

ناوی میسڕ لە چییەوە هاتووە؟

میسڕایم ناوێكی عیبرییە بۆ زەوی میسڕ، پاشناوی (ایم) زیادكراوە بۆی بە واتای میسڕییەكان، هەروەها بە واتای تەپۆڵكە، یاخود كۆشكیش دێت، هەروها ناوێكیشە بەكاردێت بۆ نەوەكانی حام كوڕی نوح كە لە زەوییەكانی میسڕ گیرساونەتەوە.

ئەم ناوە لە سەردەمی بابلی كۆندا لە دەرگای پەرستگای عەشتار نوسراوە و ئاماژەی پێكراوە، ئاشوورییەكانیش بە (مو سیر) ناویان هێناوە، بە زمانی عەرەبیش دەبێتە (میصڕ) كە ئەو وشەیە لە قورئانی پیرۆز بەكارهێنراوە.

كەشوهەوا

وڵاتی میسڕ بە گشتی وڵاتێكی گەرمە و بیابانی هەڵكەوتووە، لە بەشی باكووری كەشوهەوا فێنك و ساردترە، بەرزترین پلەی سەدی لە ساڵدا دەگاتە ٤٧ پلەی سیلیزی و كەمترین پلەش ١ پلەی سیلیزییە.

كەرەستەی سروشتی

زەوی و سنوورەكانی میسڕ دەوڵەمەندە بە چەندین ماددە و كەرەستەی ژینگەیی سروشتی، بەهۆی هەردوو دەریای سوور و ناوەڕاست و ١٠ دەریاچەی دیكە و ڕووباری نیل ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیار مەتری چوارگۆشەی بەكاردەهێنرێ بۆ كشتوكاڵ كە دەكاتە %٨٥، و %٩،٥ـیشی بۆ پیشەسازی و ئەوەی دیكەشی بۆ خواردنەوە، ئەمە جگە لە ماسی و سامانی ئاژەڵی ئاوی.

هەروەها دەوڵەمەندە بە ماددەكانی ئاسن و زێڕ و مەنگەنیز و فۆسفات و گرانیت و بازڵت و خاكی شوشە، هەروەها بوونی ڕێژەیەكی زۆر خەڵوز و پەتڕۆڵ و گازی سروشتی.

شوێنە گەشتیارییەكان

هەرەمەكانی جیزە : چەند هەرەمێكن كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش ئێستا، كە لە گۆڕ و پرد و پەرستگا پێكدێن، هەرەمە بچووكەكەیان مەنكور و دواتر خەفرەع و گەورەترینیشیان بە ناوی جیزەی گەورە یان خۆفۆ بەناوبانگە.

ئەبوهول : پەیكەرێكە لە نزیك هەڕەمی خەفرەع كە لە بەردی سروشتی دروستكراوە، كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فیرعەون، پەیكەرەكە دروستكراوە بۆ خودای خۆر بەناوی ڕاع.

بورجی قاهیرە : بورجێكە لە ساڵی ١٩٦١ دروستكراوە و بەرزییەكەی ١٨٧ مەترە و دووەم بەناوبانگترین شوێنی گەشتیارییە لەدوای هەرەمەكان.

مۆزەخانەی میسڕ : مۆزەخانەیەكە دەكەوێتە ناوەڕاستی قاهیرە و زۆربەی شوێنەوارەكانی فیرعەونەكان لەوێیە، هەروەها بەناوی مۆزەخانەی قاهیرەش ناسراوە.

كۆشكی قاهیرە : كۆشكێكە سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ پاراستنی قاهیرە و فەستات دروستی كرد بۆ پاراستنیان لە دەستی سەڵیبییەكان، و بە ناوی كۆشكی محەمەد عەلیش دەناسرێ.

ڕووداوە مێژووییەكان

  • ساڵی ٣٣٢ پێش زایین ئەسكەندەری مەكدۆنی میسڕ داگیردەكات و شاری ئەسكەندەرییە دروست دەكات.
  • ٣١ ساڵ پێش زایین ڕۆمەكان میسڕ داگیردەكەن و شاژن كیلۆباترا خۆی دەكوژێ دوای ئەوەی سووپای ڕۆمانی شكستیان پێ دەهێنن.
  • ساڵی ٣٣ـی زایینی ئایینی مەسیحی لە وڵاتەكە بڵاودەبێتەوە، و شوێنی تەواوی ئایینەكانی دیكە دەگرێتەوە.
  • ساڵی ٦٤٢: فەتحی ئیسلامی بۆ وڵاتەكە
  • ١٥١٧: دەوڵەتی عوسمانی میسڕ داگیردەكات
  • ١٨٠٥: فەرماندەی ئەلبانی محەمەد عەلی پاشا خێزانێك دروستدەكات كە میسڕ بەڕێوە دەبەن هەتاوەكو ساڵی ١٩٥٢، بەناو بەشێك بوون لە دەوڵەتی عوسمانی.
  • ١٨٦٩: تەواوبوون لە دروستكردنی نۆكەندی سوێس، بەڵام تێچووی دروستكردنەكەی خەریكبوو وڵاتەكە لە ڕووی ئابووریەوە بڕوخێنێت، ئەمەش بووە هۆی داگیركردنی وڵاتەكە لەلایەن بەریتانیاوە.
  • ١٨٨٢: بەریتانیا میسڕ داگیر دەكات
  • ١٩٢٢: فوئادی یەكەم دەبێتە پادشای میسڕ، و وڵاتەكە سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت بەڵام دەستی بەریتانیا هەر لەسەری دەمێنێتەوە تاوەكو ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكان.
  • ١٩٤٨: میسڕ و عێراق و ئەردەن و سوریا جەنگ هەڵدەگیرسێنن لە دژی ئیسرائیل.
  • ١٩٥٦: بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسرائیل وڵاتی میسڕ داگیر دەكەن و دەست دەگرن بەسەر نۆكەندی سوێسدا.
  • ١٩٨١: تیرۆركردنی سەرۆك ئەنوەر سادات لەلایەن چەند چەكدارێكی ئیسلامییەوە، و دوای ئەویش جێگرەكەی واتە حوسنی موبارەك دەبێتە سەرۆك.
  • ٢٠١١: دەست لەكاركێشانەوەی موبارەك لە پۆستی سەرۆك كۆماری دوای خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی.
  • ٢٠١٢: هاتنە سەر حوكمی محەمەد مورسی و سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی گەل و یەكەمین بردنەوە و دەركەوتنی دیاری حیزبی ئیخوان موسلمین.
  • ٢٠١٣: لابردنی محەمەد مورسی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی و هەڵبژاردنی سیسی وەک سەرۆکی وڵات.

ڕووباری نیل

ڕووباری نیل لە باشووری وڵاتەكەوە دەست پێدەكات بۆ كۆتاییەكەی لە باكوور، لە كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا و بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری دەستێكی باڵای هەیە لە وڵاتەكە.

زمان

زمانی فەرمی میسڕ لە دەستووردا عەرەبییە و تەواوی كارەكانی حکوومەت و دام و دەزگاكان بە عەرەبی دەكرێن، بەڵام زمانی خەڵكەكەی شێوەزاری میسڕییە كە تێكەڵەیەكە لە عەرەبی و زمانی كۆنی میسڕییەكان و زمانی قیبتییەكان.

ئایین

بەپێی دەستوور ئایینی ئیسلام ئایینی فەرمییە و هەریەك لە جولەكە و مەسیحییەكانیش مافیان هەیە لە دەستووردا، زۆرینەی دانیشتوانیش لە مەزهەبی سوننەن، %٩٤ ـی وڵاتەكە موسوڵمان و ئەوەی دیكەشی جولەكە و مەسیحی كە زۆرینەیان مەسیحین.

زانكۆی ئەزهەر

یەكێكە لە بەناوبانگترین مزگەوت و زانكۆكانی جیهان و لە ساڵی ٩٧٢ـدا دروستكراوە لەلایەن المعز لدین الله و یەكێكە لە بەناوبانگترین خوێندنگەكانی ئەهلی سوننە، شێوازی دروستكردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەكەی خۆی و بەشێوازی فاتیمییەكان و مەمالیكەكان دروستكراوە، سەرەتا بۆ فێربوونی مەزهەبی شیعە دانرا، ناوەكەشی لەلایەن فاتیمییەكانەوە دانراوە و لە پاشگری (فاتیمەی زەهرا)ـی كچی پێغەمبەری ئیسلامەوە وەریانگرتووە، لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ ماوەی سەد ساڵ بەهۆی دژایەتی شیعەكانەوە داخرا و ئەستێرەی بەختی كوژایەوە، لە سەردەمی مەمالیكەكان دووبارە بوژایەوە و بووە خوێندنگایەكی سوننی، لە ساڵی ١٩٦١ـوە بووە بە زانكۆیەكی سەربەخۆ و تا ئێستا یەكێكە لە پێگە گەورەكانی ئیسلام و میسڕ.

سیاسەت

حکوومەتی میسڕ كۆماری دیموكراتییە، دەسەڵات تێیدا دابەش دەبێت بۆ سێ بەشی : دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعی و یاسایی.

سەرۆكی وڵات لەلایەن خەڵكەوە ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێ بۆ ماوەی شەش ساڵی بەردەوام و نابێت لەو ماوەدا بەشداری هیچ پۆستێكی حیزبی بكات.

ئەو حیزبانەی لە وڵاتەكە هەبوون لە ساڵی ١٩٠٧ سێ حیزب بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە ٨٠ حیزب.

بەناوبانگترین حیزبەكانیان حیزبەكانی حیزبی نیشتمانی دیموكراتی و حیزبی ئیخوان موسلمینە، كە یەكەمیان حوكمی میسڕی كرد هەتاوەكو ساڵی ٢٠١١ بە سەرۆكایەتی حوسنی موبارەك، دووەمیشیان حیزبێكی جیهانی عەرەبییە و لەسەر پەیڕەوی ئیسلامی سوننە دەڕوات و لە شۆڕشی ٢٥ـی حوزەیران سەركەوتووبوو لە خۆپیشاندانەكان و توانی سەرۆكی ئەوكاتی حوسنی موبارەك ناچار بە كشانەوە بكات (هاوكات لەگەڵ چەند حیزبێكی دیكەی ئۆپۆزسیۆن) و لە دەنگدانی جەماوەری میسڕی سەرۆكی نوێی لەسەر حیزبەكەی هەڵبژارد كە محەمەد مورسی بوو، بەڵام دوای ساڵێك بەهۆی كودەتاوە دەسەڵاتی لێ سەنرایەوە و زیندانی كرا تا كاتی گیانلەدەستدانی.

هونەر

ساڵانی نوێی میسڕ بە نووسینی چیرۆك و ڕۆمانەوە بەناوبانگە، مەیدانی ئەدەب بۆ ئەدیبان كرایەوە و ناوبانگێكی جیهانییان پەیداكرد، نووسەری میسڕی نەجیب مەحفوز لە ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت، هەروەها هەریەك لە توفیق حەكیم و دكتۆر تەها حسین بەناوبانگترین نووسەرەكانی میسڕن.

لە بواری زەخرەفە و نووسینی جوانكاری و دەستوخەتدا وڵاتێكی دەوڵەمەندە، هەروەها بواری سینەمای لە هەموو وڵاتانی دیكەی عەرەبی پڕ بەرهەمترە، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە سینەمای میسڕی بووە یەكێك لە باشترین سینەماكان و هەریەك لە فوئاد المهندس و عبد المنعم مدبولي و سمير غانم و محمد صبحي و عادل إمام دەستێكی باڵایان هەبوو لە پێگەیاندنی كەرتی سینەما.

لە هونەری گۆرانی و شیعریشدا تایبەتە و توانیویەتی زۆرینەی سنوورەكانی جیهان ببڕێت، لە سەرەتای سەدەی بیستەوە گۆڕانكاری گەورە كرا، شانۆی گۆرانیبێژی لەسەر دەستی سەلامە حجازی پەرەی سەند، دواتریش سەید دەرویش كە بە باوكی ڕۆحی مۆسیقای میسڕی دەناسرێ، دواتریش ناوەكانی:

  • محمد عبد الوهاب
  • محمد القصبجي
  • زكريا أحمد
  • رياض السنباطيناوی
  • محمود الشريف
  • فريد الأطرش
  • كمال الطويل
  • محمد الموجى
  • محمد فوزى

بوونە بەشێكی گرنگ لە مێژووی گۆرانی میسڕی.

لە ناوەڕاست و كۆتاییەكانی سەدەی بیستیشدا ناوی دیاری جیهانی دەركەوتن وەك :

لە بواری خوێندنەوەدا دەستێكی باڵای هەیە لە كردنەوەی پێشانگای كتێب و چەندین كتێبخانەی جیاواز لە سەرانسەری وڵات، بەتایبەت پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە قاهیرە كە لە ساڵی ١٩٦٩ دروستكرا، و گەورەترین پێشانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دووەمی جیهانییە.

ئابووری

ئابووری میسڕ بە یەكێك لە گەورەترین ئابووریەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لە بواری گەشتیاری و پیشەسازی و كشتوكاڵ، ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەی توانای كار گەیشتە ٢٦ ملیۆن كەس، كە دابەش دەبن بەسەر بەشی حكومی %٥١، بەشی كشتوكاڵ و جووتیاری %٣٢، بەشی پیشەسازی %١٧.

ئابووریی وڵات پشتێكی گەورەی بە كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵ و هاوردەكانی نۆكەندی سوێس و باج و بەرهەمی كلتووری بەستووە.

لایەنی سەربازی

هێزە سەربازییەكانی میسڕ بە درێژایی مێژوو شایەتی چەندین جەنگی گەورە و بچووك بوون، هێزەكانیان ئێستا دابەش دەبن بۆ:

  • هێزە زەمینییەكان
  • هێزە دەریاییەكان
  • هێزە ئاسمانییەكان
  • هێزەكانی بەرگری ئاسمانی

كەرتە لاوەكییەكان

  • هێزەكانی گاردی كۆماری
  • هێزەكانی پاسەوانی سنوور

هێزە تایبەتەكانی سووپا

  • هێزەكانی ساعیقە (الصاعقة)
  • هێزەكانی پەڕەشوتەوانی
  • هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا (تدخل السریع)

بنكەكانی بەڕێوبردن

  • پۆلیسی سەربازی
  • هەواڵگری جەنگی
تەمەنی بەشداری وەك سەرباز  ١٨ بۆ ٤٩
ڕێژەی پێگەیشتووان بۆ خزمەتی سەربازی  ٤١ ملیۆن كەس
ژمارەی سووپا  ٤٦٨ هەزار كەس
هێزی یەدەگ ٨٠٠ هەزار سەرباز

مەراسیمەكان

  • یەكەم ڕۆژی ساڵی هیجری نوێ
  • جەژنی ڕەمەزان و قوربان
  • لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ
  • جەژنی ڕزگاركردنی سینا
  • جەژنی كرێكاران لە یەكی ئازار
  • جەژنی هێزە چەكدارەكان لە شەشی ئۆكتۆبەر


سەرچاوەکان



5090 بینین