ئەو وڵاتانەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا بوونیان هەبوو و نەماون

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-03-23:33:00 - کۆدی بابەت: 7488
ئەو وڵاتانەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا بوونیان هەبوو و نەماون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخشەی سەدەی ٢١ـی جیهان بە تەواوی جیاوازە لە سەدەیەک پێش خۆی، جیهان لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتییە کۆنەکانەوە تا ناولێنانەوەی دەوڵەتەکان، چەندین گۆڕانی مێژووییی گرنگی بەخۆوە بینیووە. لە ڕاپۆرتێکدا کە لە گۆڤاری (readersdigest) بڵاوکراوەتەوە بە لەبەرگیراوە ئوستوڕالییەکەی، تینا دۆنڤیتۆـی نووسەر لیستێک لە دیارترین وڵاتەکان باس دەکات کە سەدەیەک لەمەوپێش لەسەر نەخشەی جیهان بوونیان هەبووە، بەڵام نەماون و دەوڵەتی تر شوێنی گرتوونەتەوە.

وڵاتەکان

یەکێتیی سۆڤیەت

یەکێتیی سۆڤیەت دەوڵەتێکی گەورەبوو لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا و هەموو ڕووبەری ڕووسیا و چەندین وڵاتی تری دەگرتەوە، چەندین دەیە یەکێک لە گەورەترین وڵاتە سیاسی و سەربازی و زانستییەکان بوو، یەکێک بوو لە براوەکانی جەنگی جیهانی دووەم و بنکەی کۆمۆنیستیی جیهانی بوو، لە ساڵی ١٩٩١ لاواز بوو و هەڵوەشایەوە و هەریەک لە وڵاتانی (ڕووسیا، جۆرجیا، کازاخستان، تورکمانستان، قیرغزستان، مۆڵدۆڤا، بیلاڕووس، ئیستۆنیا، ئۆکرانیا، لاتیڤیا، ئۆزپەکستان، تاجیکستان، ئەرمینیا، ئازەربایجان و لیتوانیا)ـی لێ دروستبوو. 

یوگۆسلاڤیا

لە سەرەتای سەدەی ٢٠، جەنگی جیهانیی یەکەم وێرانکارییەکی گەورەی لە ئەورووپادا دروست کرد. دەوڵەتی یوگۆسلاڤیا وڵاتێک بوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کە لە ساڵی ١٩١٨ دروست بوو، ئەوکات بە "شانشینی سڕب و کروات و سلۆڤینییەکان" دەناسرا، دوای دە ساڵ ناوەکەی گۆڕا بۆ یوگۆسلاڤیا، چەندین ناوچەی جۆراوجۆری کولتووری و نەتەوەیی لەخۆ دەگرت کە پێشتر بەشێک بوون لە ئیمپڕاتۆریەتی ئۆسترۆ-هەنگاریا، یوگۆسلاڤیای یەکگرتووی پێشوو ئێستا نەماوە و هەریەک لە وڵاتانی سلۆڤینیا، کرواتیا، بۆسنیا و هەرزەگۆڤینا (بۆسنە و هەرسک)، سڕبیا، مۆنتینیگرۆ، کۆسۆڤۆ و مەقدۆنیاـی لێ دروست بووە. یوگۆسلاڤیا لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا داگیرکرا و دابەشکرا و دواتر دووبارە یەکی گرتەوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم ڕووخا.

تبت

ناوچەی تبتی باکووری ڕۆژئاوای هیندستان بۆ ماوەی چەند سەدەیەک جێگای ململانێی دەسەڵاتە گەورەکان بووە، لە نێوان ساڵانی ١٩١٢ بۆ ١٩٥١ تبت دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو، پێش ئەوەی چین بیبەستێتەوە بە وڵاتەکەی خۆیەوە و مافی خۆبەڕێوبەری پێ ببەخشێت.

هێشتاش هەوڵەکانی گەلی تبت بۆ بەدەست هێنانەوەی سەربەخۆیی بەردەوامە، تبت شوێنێکی سەرکێشی و شاخەوانییە چونکە لانکەی لوتکەی ئێڤێرستە کە بە نزیکەیی ٨٨٤٩ مەتر بەرزە و دەکەوێتە سنووری نیپاڵ.

مۆرنستی بێ لایەن

ئەم دەوڵەتە بچووکە، کە ڕووبەری تەنها دوو کیلۆمەتر و نیو بوو، دوای ڕێککەوتنێکی نێوان هۆڵەندییەکان و بڕووسییەکان لە ساڵی ١٨١٦ دروست کرا کە بەپێی ڕێککەوتنەکە هەردوو دەوڵەت مافی ئەوەیان هەبوو سوود لە کانە زینکەکانی ناوچەکە وەربگرن، ئەم دەوڵەتە ئاڵا و دراوی نەتەوەیی تایبەتی خۆی هەبوو. دواتر بووە قوربانی جەنگی جیهانیی یەکەم و بووە بەشێک لە بەلجیکا.

نیوفۆندلاند

دوورگەیەک بوو لە کەناری ڕۆژهەڵاتی باکووری ئەمریکای باکوور ئەوکاتەی لەژێردەستی بەریتانیادا بوو، بەڵام دابڕانی لە ئەمریکا کولتوور و شێوازێکی تایبەتی پێ بەخشیبوو.

نیوفاندلاند لە ساڵی ١٩٠٧ بۆ ١٩٣٤ خاوەنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بوو ئەوکاتەشی کە لەژێر دەستی بەریتانیا بوو، دواتر کە تووشی شکانێکی ئابووری گەورە بوویەوە داوای کرد ببێتەوە بەشێک لە بەریتانیا، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩ بوو بە هەرێمێکی کەنەدا و ئێستا بە (نیوفۆندلاند ئەند لابرادۆر) دەناسرێت.

حەبەشە

ئەسیوپیا لە سەدەکانی پێشوو بە حەبەشە دەناسرا، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم کاتێک ڕۆژئاوا ویستی داگیرکردنی وڵاتانی ئەفریقای هەبوو، حەبەشە یەکێک بوو لەو وڵاتانەی داگیرنەکرا و نەتوانرا دەسەڵاتی پادشایەتی لێ بسەنرێتەوە، لە مێژوودا حەبەشە تووشی داگیرکاری نەبووەتەوە و یەکێکە لە وڵاتە هەمیشە سەربەخۆ دەگمەنەکان لە ئەفریقا، تا ئەوەی لە سەرەتای ساڵانی سییەکان ئیتاڵییەکان ماوەیەکی کورت توانییان داگیری بکەن.

چیکۆسلۆڤاکیا

چیکۆسلۆڤاکیا بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتی پێشووی ئۆسترۆ-هەنگاریا، لە کۆمەڵێک ناوچەی مێژوویی وەک مۆراڤیا، سلۆڤاکیا و بۆهیمیا پێکهاتبوو. داگیرکاریی نازییەکان بۆ ناوچەکە وای لە ئەورووپا کرد کە بەشداری لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بکەن، دوای ئەوەی لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە ئازادکرا، لە نیوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا بوو بە بەشێک لە بەرەی ڕۆژهەڵات، لە ساڵی ١٩٩٣، چیکۆسلۆڤاکیا بە شێوەیەکی ئاشتیانە دابەش بوو بۆ کۆماری چیک و سلۆڤاکیا.

سیلان

تا ساڵی ١٩٧٢، سریلانکا لە باشووری هیندستان بە سیلان دەناسرا، کە ناوێک بوو لەلایەن ئەورووپییەکانەوە پێی درابوو کاتێک پێش چەند سەدەیەک دوورگەکەیان داگیر کرد. سیلان تا ساڵی ١٩٤٨ لەژێر دەستی شانشینی یەکگرتوودابوو و دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ بوو بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ناوی خۆی گۆڕی بۆ سریلانکا.

باسۆتۆلاند

باسۆتۆلاند لە ساڵی ١٩٦٦ـەوە لە بەریتانیا جیابووەتەوە و بە لێسۆتۆ دەناسرێت، باسۆتۆلاند یەکێکە لەو سێ وڵاتەی جیهان کە بە تەواوی لەلایەن یەک وڵاتەوە دەورەدراوە، (لەگەڵ ڤاتیکان و سان مارینۆ کە ئیتاڵیا دەوروبەری گرتوون)، باسۆتۆلاند بەشێک بوو لە وڵاتی ئەفریقای باشوور، ئێستا بە لێسۆتۆ دەناسرێت و لەلایەن بنەماڵەیەکی پاشایەتییەوە بەڕێوەدەبرێت و خاوەنی سیستمێکی پاشایەتییەکی دەستوورییە.

ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی

بە پێچەوانەی ئیمپڕاتۆریەتی ئۆسترۆ-هەنگاریا، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەکەم ڕزگاری بوو و سنوورەکانی تاوەکوو ساڵی ١٩٢٠ هەموو تورکیا و کۆمەڵێک ناوچەی تری دەگرتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٣ زۆربەی ناوچەکانی لەدەست دا و مەوداکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە و بوو بە کۆماری تورکیای ئێستا، پێش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بۆ ماوەی زیاتر لە ٦٠٠ ساڵ فەرمانڕەوایی کرد و سنوورەکانیشی بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەگرتەوە. دوای ڕووخانیشی کاریگەرییەکەی لەسەر کولتوور و تەلارسازیی تورکیا بەڕوونی ماوەتەوە.

سیکیم

شانشینی سیکیم لە ساڵی ١٦٤٢ـەوە وڵاتێکی سەربەخۆ بوو تاوەکوو لە ساڵی ١٩٥٠ بوو بە بەشێک لە هیندستان و ڕێککەوتن، لە ساڵی ١٩٧٥ـیش بە تەواوی لەگەڵ هیندستان تێکەڵ کرا، ئەمڕۆ دەکەوێتە سەر سنوورەکانی شانشینی بۆتان و هەرێمی تبتی خۆبەڕێوەبەریی چین و سنوورەکانی نیپاڵ، زۆرینەی کات سیکیم ناوچەیەکی بەفراوییە.

وڵاتی فارس

وڵاتی فارس یەکێکە لە کۆنترین دەسەڵاتە جیهانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەردەمی کۆنەوە ئەو وڵاتە شەڕی زۆری تووش بووە، تاوەکوو ساڵی ١٩٣٥ هەر بە وڵاتی فارس ناودەبرا، بەڵام لەو ساڵەدا بە فەرمی ناوی گۆڕا بۆ شانشینی ئێران.

سیام

تایلەند پێشتر بە سیام ناودەبرا، لە ساڵی ١٩٣٩ ناوی گۆڕا و کرا بە تایلەند، ئەم وڵاتە نەکەوتە ژێر ڕکێفی ئەورووپییەکانەوە و وڵاتێکی پادشایی سەربەخۆ بووە، بەهۆی کۆمەڵێک ململانێی سەدەی بیستەوە، تایلەند بوو بە وڵاتێکی پادشایی دەستووری، بەهۆی چەندین دوورگە و ناوچەی ئاوی و کەناراوی، وڵاتەکە بە یەکێک لە پڕگەشتیارترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت.

بڕووسیا

هەتاوەکوو ساڵی ١٩٤٧ ئەم وڵاتە بوونی هەبوو، کە زۆر ڕووبەری لە ناوچەکانی ئەورووپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات دەگرتەوە بە ئەڵمانیا و پۆڵەندای ئێستاوە، لە سەدەی هەژدەیەمیش سەرکەوتنی زۆر گەورەی بەدەست هێنا، بەڵام بە دەستپێکی سەدەی نۆزدەیەم دەستی کرد بە پاشەکشە و زەوییەکانی لەدەست دەدا، تاوەکوو سەردەمی یەکخستنی ئیمپڕاتۆریەتی ئەڵمانیا و دانانی پادشایەکی بڕووسی لە ساڵی ١٨٧١.

لەدوای شکانی ئیمپڕاتۆریەتەکە لە جەنگی جیهانی دەسەڵاتی بڕووسیا کەمتربوویەوە و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پادشایی بڕووسی، دوای نەمانی شانشینەکەش بوو بە هەرێمێکی ئەڵمانیا، لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمیش بە فەرمی ناوەکە ڕەت کرایەوە و بەتەواوی وڵاتەکە لەسەر نەخشە سڕایەوە، هێشتاش نەوەی پادشاکانی بڕووسیا ناسناوە فەرمییەکانیان بەکاردێنن و دەیپارێزن.

ساراوک

ساراوک ئێستا یەکێکە لە هەرێمەکانی مالیزیا لە دوورگەی بۆرنیو، لە سەدەی ١٨ گەڕیدەی بەریتانی جەیمس بڕۆک شانشینەکەی دامەزراند، خۆی و نەوەکانی هەتاوەکوو جەنگی جیهانیی دووەم وڵاتەکەیان بەڕێوەبرد، ژاپۆن داگیری کرد و دواتریش وازی لێ هێنا بۆ بەریتانیا، لە ساڵی ١٩٦٣ـیش بە فەرمی ساراوک بوو بە هەرێمێکی وڵاتی مالیزیا.

زەنزیبار

دوورگەکانی زەنزیبار کە کۆمەڵەدوورگەیەکن دەکەونە کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، ناوچەیەکی بازرگانی گرنگ بوو و لە سەدەی نۆزدەیەم خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆبوو، بەڵام دەسەڵاتی سوڵتانەکەی تاوەکوو ساڵی ١٩٦٤ بەردەوام بوو و لەو ساڵەدا بەتەواوی بووە خاوەن سەربەخۆیی، دواتر لەگەڵ تانگانیکا یەکی گرت و بوونە وڵاتێکی نوێ بەناوی تانزانیا.


سەرچاوەکان



691 بینین