توونس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-03-12-14:35:00 - کۆدی بابەت: 7966
توونس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

وڵاتی کۆماری توونس (بە ئینگلیزی: Tunisia) کە بە "توونسی سەوز" ناسراوە و دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەفریقا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە دەریای سپی ناوەڕاست دەوری داوە، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ وڵاتی جەزائیر هاوسنوورە و لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی لیبیا هاوسنوورە.
ڕووبەری گشتی وڵات نزیکەی 163.610 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پایتەختی وڵات "شاری توونس"ـە کە بارەگای زۆرێک لە ناوەندە فەرمی و حکوومییەکانی وڵاتە، هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری وڵاتی توونسە.
کەشوهەوای توونس مامناوەندە، لە بەشی باکووری وڵات زستانێکی سارد و باراناوی هەیە لەگەڵ هاوینێکی وشک و گەرم، لە بەشی باشووریش کەشێکی بیابانی وشکی هەیە لەگەڵ زستانێکی سارد و هاوینێکی زۆر گەرم، ناوچەکانی باکوور بە کەشی بیابانی ناسراوە.

مێژووی توونس

ـ بەپێی بەڵگە مێژووییەکان مێژووی دانیشتوان و بوونی مرۆڤ لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی مێژوویی.
ـ مێژووی دروستبوونی توونس دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فینیقییەکان، کە لە سەدەی دووەمی پێش زایین دوای ئەمازیغییەکان گەیشتنە ناوچەکە، لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین شاری "قەڕتاج"ـی توونسیان لەگەڵ زۆرێک لە شارە ئەفریقییەکان بنیاتنا.
ـ بەهۆی بایەخی شوێنی جوگرافییەوە هەمیشە ناوچەکە کێبڕکێی شەڕ و ململانێی زۆری لەسەر بووە، بە تایبەتی لەلایەن دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانییەوە، چونکە هەمیشە ئەو دەسەڵاتە ویستویەتی کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکات.
ـ بۆ ماوەی 800 ساڵ توونس و ناوچەکانی دەوروبەری لەژێر دەسەڵاتی بیزەنتینی ڕۆمانییەکان بوون.
ـ لە ساڵی 697ـی زایینی لەلایەن موسڵمانەکانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕۆمانییەکان هێنرا، هەروەها لەلایەن "عوقبەی کوڕی نافع" ئایینی ئیسلام گەیشتە وڵاتی توونس و کولتووری ئیسلامی تێدا بڵاوبووەوە.
ـ یەکەمین زانکۆی ئیسلامی لە جیهانی ئیسلامی بە ناوی "مزگەوتی زەیتونە" لە ساڵی 737ـی زایینی لە توونس دامەزرا، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بڵاوکردنەوەی ئایین و کولتووری ئیسلامیدا. 
ـ لە سەدەی پازدەیەم و لە ساڵی 1574 لە پاش جەنگی مەزنی توونس، وڵاتەکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە بۆ ماوهی 300 ساڵ داگیر کرا، لەو سەردەمەدا دیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕانکاریی زۆری تێدا دروستبوو و ڕێژەی ژمارەی دانیشتوان بەرزبووەوە، زۆرێک لە تورک و عوسمانییەکان و ئیسپانییەکانی ئەندەلوس بۆ ئەو وڵاتە کۆچیان کرد.
ـ لە ساڵی 1861 توونس یەکەمین وڵاتی عەرەبی بوو کە دەستووری تایبەتی بەخۆی دانا، هەروەها لە ساڵی 1864 لە وڵاتانی پێشەنگ بوو کە کۆیلایەتی لەناوبرد.
ـ لە ساڵی 1881ـەوە توونس کەوتە ژێر داگیرکاری وڵاتی فەڕەنسا، بۆیە کولتوور و زمانی ناوچەکە زەبرێکی زۆری بەرکەوت و تێکەڵ بە کولتووری فەڕەنسی بوو.
ـ لە 20ـی مارسی ساڵی 1956 توونس بە فەرمی سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری فەڕەنسا  بەدەستهێنا.
ـ توونس لە ساڵی 1991 یەکەمین وڵات بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئینتەرنێتی تێدا بەکارهێنرا.
ـ لە ساڵی 2011 بەهۆی شۆڕشەکانی توونس  که بە "شۆڕشی یاسەمین" ناسراوە، ئاڵۆزی و پشێوی دروست بوو، سەرۆک "زەین ئەلعابدین" لەکارلابرا کە بۆ ماوەی 23 ساڵ سەرۆکی وڵات بوو.
ـ ڕووداوی خۆپیشاندان و شۆڕشی توونس بووە بنەمای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ـ لە ئێستادا توونس بەراورد بە وڵاتانی عەرەبی له زۆر ڕووەوە پێشکەوتووە، لە ڕیزبەندی یەکەمین وڵاتانی عەرەبییە لە ئازادی ڕادەربڕین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتوان

بەپێی کۆتا سەرژمێرییەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی توونس نزیکەی 11 ملیۆن کەس بوون.
بە گشتی ڕێژەی 98%ـی دانیشتوانەکەی بە ڕەچەڵک خەڵکی عەرەبی ڕەسەنی توونسن، هەروەها ڕێژەی 1%ـی دانیشتوان کەمینەیەکی جوولەکە و مەسیحی پێکدەهێنن و زۆرینەی دانیشتوان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن.
زمانی فەرمی وڵات زمانی عەرەبییە، دانیشتوانی توونس شێوەزارێکی عەرەبی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە شێوەزاری وڵاتانی عەرەبی تر جیاوازە و تا ڕادەیەک قورسە، چونکە کاریگەری پێنج زمانی تری پێوە دیارە و تێکەڵەیەکە لە زمانەکانی فەڕەنسی، ئەمازیغی، تورکی، ئیتاڵی و ماڵتی.
کولتوور و زمانی عەرەبی وڵاتی توونس بەهۆی داگیرکارییەکانی فەڕەنسا زۆر کاریگەر بووە بە زمان و کولتووری فەڕەنسی، زمانی فەڕەنسی دووەمین زمانی فەرمی وڵاتە، تەنانەت لە زۆرێک لە دامودەزگاکانی وڵات کار بە زمانی فەڕەنسی دەکرێت. 

ئابووریی وڵاتی توونس

توونس لە ڕیزبەندی 87ـەمین وڵاتانی جیهانە لەڕووی دەوڵەمەندیی و دابینکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی وڵات، ساڵانە داهاتی بەرهەمە ناوخۆییەکانی بڕی 131 ملیۆن دۆلارە. خاکی توونس بە چەندان سەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە نموونەی نەوت، فۆسفات، ئاسن و خوێ، هەروەها بە چەندان بەروبوومی کشتوکاڵی نموونەی دانەوێڵە، خورما، زەیتوون و مزرەمەنییەکان دەوڵەمەندە.
گەورەترین دارستانی زەیتوون لە جیهاندا دەکەوێتە وڵاتی توونسەوە و لە شاری "سەفاقس"ـە، نزیکەی 10 ملیۆن دار زەیتوون لەو دارستانە هەیە و 30%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی توونس بە داری زەیتوون داپۆشراوە، هەروەها 15%ـی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی توونس لە زەیتون پێکهاتووە.
گرنگترین پیشەسازییەکانی وڵات بریتین لە پیشەسازی پیتڕۆڵ، ڕستن و چنین، لەگەڵ پیشەسازی خۆراک.
دراوی فەرمی وڵات "دیناری توونسییە" و بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نرخێکی جێگیری هەیە.
تاکی توونسی بەرزترین داهاتی ساڵانەی هەیە، سەرباری ئەوەی توونس لەنێو ئەو وڵاتانەی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە ئابووری وڵاتدا بە تەواوی پشت بە نەوت نابەستێت.
سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتنەی بواری ئابووری ڕێژەی بێکاری لە توونس لە بەرزترین ئاستدایە. 

کەرتی گەشتوگوزار لە توونس

بەهۆی ئەوەی کە توونس هاوسنووری دەریای سپی ناوەڕاستە، بۆیە پانتاییەکی فراوانی لە کەناراوەکانی ئەو دەریایە لەخۆدەگرێت.
گرنگترین شارە گەشتیارییەکانی توونس بریتین لە:
ـ شاری توونسی پایتەخت: گەورەترین شاری وڵاتەکەیە و شوێنێکی گرنگی گەشتیارییە، چەندان بازاڕی فۆلکلۆری و ناوچەی مێژوویی و مۆزەخانەی گرنگی تێدایە. "مزگەوتی زەیتونە"ـەی لەخۆگرتووە کە زانکۆیەکی ئیسلامییە و خاوەن دیزاینێکی تەلارسازیی ناوازەیە.
ـ شاری قەیڕەوان: ناوچەیەکی مێژووییە، لەلایەن سەرکردەی ئیسلامی "عوقبەی کوڕر نافع" شارەکە بنیاتنراوە، هەروەها ناچەی "عەین دەراهم" لەخۆدەگرێت کە شوێنێکی گەشتیارییە، لەگەڵ ناوچەی "حەمامات" کە بە کاناراوە ناوازەکانی ناودارە. قەیڕەوان شاری "سوسە" لەخۆدەگرێت کە شوێنەواری مێژوویی زۆر گرنگی تێدایە و لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی توونسە.
ـ شاری قەڕتاج: شارێکی مێژووییە، شوێنەوارەکانی تێکەڵەیەکن لە شوێنەواری ڕۆمانی مەسیحی و ئیسلامی، چەندان مۆزەخانە و پەرستگا و شوێنەواری مێژوویی تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان، دیزاینە تەلارسازییەکانی هەمەجۆر و ناوازە و ناودارن.


سەرچاوەکان



1433 بینین