ئیمارات

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-13-14:32:00 - کۆدی بابەت: 7973
ئیمارات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شانشینی ئیماڕاتی عەرەبی یەکگرتوو (بە عەربی: الإمارات العربية المتحدة، بە ئینگلیزی: United Arab Emirates) وڵاتێکە سەر بە کەنداوی عەرەبییە و لە یەکگرتنی حەوت میرنشین و شانشینی عەرەبی پێکهاتووە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، لەڕووی ڕووبەرەوە لە ڕیزبەندی 115ـیەمین وڵاتی جیهانە و ڕووبەری گشتییەکەی 83 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، سنووری وشکانی هاوبەشی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتی عوممان و سعوودیە هەیە، هەروەها سنووری دەریایی لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ئێران، قەتەڕ، کوەیت و بەحرەین هاوبەشی دەکات، خاوەنی پێنج بەندەری دەریاییە.
پایتەختی وڵات شاری ئەبوزەبییە کە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین شارە و زۆرێک لە شوێنە گرنگ و گەشتیارییەکانی ئیماڕات دەکەوێتە پایتەختەوە، هەروەها دووبەی ناوەندی گەشتیاری و بازرگانی ئیماڕاتە.
بەشێکی زۆری خاکی ئیماڕات لە ناوچەی بیابانی پێکهاتووە، گەورەترین ناوچەی لمی لە جیهاندا دەکەوێتە بیابانی ڕۆژهەڵاتەوە و لە "ناوچەی عەڕاد"ـە.
کەشوهەوای ئیماڕات بە گشتی بە کەشێکی گەرم و وشک و بیابانی ناسراوە، هاوینێکی زۆر گەرمی هەیە و پلەی گەرمی لە زستاندا مامناوەندە و ڕادەی شێی زۆر بەرزە، ڕێژەی بارانبارینیشی سنووردار و کەمە. 

مێژووی ئیماڕات

ـ مێژووی بوونی دانیشتوان لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ 7000 ساڵ پێش زایین و بەپێی بەڵگە مێژووییەکان چەند شوێنەوارێک دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین.
ـ لە سەردەمی چاخی نوێ و سەردەمی سێ هەزارەی پێش زایین، فینیقییەکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان گرتووتە دەست.
ـ هەریەک لە ئەخمەنییەکان، مەقدوونییەکان، ساسانییەکان و دوای ئەوان دەسەڵاتی ئیسلامیش یەک لەدوای یەک بەسەر ناوچەکەدا زاڵبوونە و ناوچەکەیان بەڕێوەبردووە.
ـ زۆرێک لە هۆزەکانی ئەو بەشەی نیمچەدوورگەی عەرەبی لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ موسڵمان بوونە، لەپاش کۆچی دوایی پێغەمبەر لەسەردەستی "عەمری کوڕی عاس" ئایینی ئیسلامی بە تەواوی لە ناوچەکەدا بڵاوبووەوە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوی و عەباسییەکان ناوچەی ئیمارەتەکان وەکوو بەستەرێکی سەرەکی نێوان نیمچەدوورگەی عەرەبی و کەنداوی فارس و هیندستان بوو، بۆیە بایەخی زۆری پێدەدرا.
ـ لە دوای سەدەکانی ناوەڕاست و داگیرکارییەکانی پورتوگال، ناوچەکانی ئیماڕات کرایە بەشێک لە "هەرێمی عومان" کە وڵاتی ئێستای عوممان و هەر حەوت میرنشینەکانی ئیماڕات و چەند ناوچەیەکی سعوودیەی لەخۆگرتبوو.
ـ هێزەکانی بەریتانیا توانیان دوو سەدە داگیرکاری و فەرمانڕەوایی ناوچەکە بن.
ـ لە پاش جەنگی جیهانی دووەم و کشانەوی هێزەکانی  بەریتانیا لەو ناوچانەی کە داگیریان کردبوو، لە ساڵی 1967 ئەنجوومەنی فەرمانڕەوا یەکگرتووەکان لە ناوچەی حەوت ئیماڕاتەکە دامەزرا و دووبەی کرا بە ناوەندەکەی.
ـ لە ساڵی 1967ـەوە بیرۆکەی یەکگرتنی حەوت میرنشینەکەی ئیماڕات کرایە بەرباس و هۆزەکانی ناوچەکە هەوڵی زۆریان بۆ یەکگرتن دا، لە ڕۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی 1971 بە فەرمی ئیماڕات و میرنشینەکان یەکخران و ناوی شانشینی ئیماڕاتی عەرەبی یەکگرتوو ڕاگەیەندرا و ئەو ڕۆژە کرا بە ڕۆژی نیشتمانی وڵات، ئەو حەوت ئەمارەتە دەستووری تایبەتی خۆیان داڕشت و زۆرێک لە ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان چارەسەر کرد.

دابەشبوونە کارگێڕییەکانی ئیماڕات و سیستمی دەسەڵات

سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات سیستمی دەسەڵاتی پادشایەتی دەستوورییە، هەر حەوت ئەمارەتەکە سیاسەتێکی توند و یەکگرتوویان هەیە لەگەڵ  پەیوەندی و کاروبارەکانی دەرەوەی وڵات، بەڵام هەر ئیمارەتێک لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی سەربەخۆیە و خاوەن دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەرییە و خاوەن پادشای تایبەتی خۆیەتی، هەروەها هیچ ئیمارەتێک دەستوەرناداتە کاروباری ناوخۆی ئیمارەتێکی تر.

حەوت ئیمارەتەکە بریتین لە:

  • ئیمارەتی ئەبووزەبی
  • ئیمارەتی دووبەی
  • ئیمارەتی عەجمان
  • ئیمارەتی شاریقە
  • ئیمارەتی فوجەیرە
  • ئیمارەتی رەئس ئەلخەیمە
  • ئیمارەتی ئوم ئەلقیویەین

ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتوان

ئایینی فەرمی وڵات ئایینی ئیسلامە و زۆرێک لە دانیشتوان شوێنکەوتووی ئایینی ئیسلامن، بەڵام بەهۆی ژمارەی زۆری کۆچبەر و کەسانی بیانی لەو وڵاته پەیڕەوانی ئایینی بووزی و هیندۆسی و مەسیحی و جوولەکە بوونیان هەیە و بە ئازادی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
زمانی فەرمی وڵات زمانی عەرەبییە، هەروەها زمانی ئینگلیزی دووەمین زمانە کە لەو وڵاتە کاری پێدەکرێت و بووەتە زمانێکی نیمچەفەرمی، زمانی هیندیش زمانێکی بڵاو و باوە بەهۆی زۆری کۆچبەرە هیندییەکانەوە لەو وڵاتەدا.

بەپێی کوتا سەرژمێرییەکانی ساڵی 2021ـی ئیماڕات ژمارەی دانیشتوان نزیکەی 9,890,402 کەسن، لەو ژمارەیە تەنها 11%ـی بە ڕەچەڵەک دانیشتوانی ئیماڕاتن واتا نزیکەی یەک ملیۆن کەس، چونکە بەشێکی زۆری کۆچبەری وڵاتانی تر و کەسانی بیانی و بێگانە نیشتەجێی ئەو وڵاتەن کە نزیکەی 88%ـی کۆی گشتی دانیشتوان پێکدەهێنن نزیکەی هەشت ملیۆن کەس، هەریەک لە وڵاتانی هیندستان و میسڕ و فلیپین زۆرترین ڕێژەی هاوڵاتیانی بیانی و بێگانەکانەی ئەو وڵاتە پیکدەهێنن.
دووبەی و ئەبوزەبی و شاریقە لە قەرەباڵغترین میرنشینەکانی ئیماڕاتن، هەروەها ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی ئیماڕات 2%ـە.

ئابووریی وڵاتی ئیماڕات

ئابووریی ئیماڕات لە پێشەنگی وڵاتانی جیهانە و ئاستێکی بەرزی هەیە، لە ڕیزبەندی حەوتەمی وڵاتانی جیهانە بۆ یەدەگی نەوت، لەو وڵاتانەی ڕۆژئاوای ئاسیایە کە بە کاتێکی کەم گەشەی سەندووە و لە زۆر بواردا بووەتە پێشەنگترینی جیهان.
بە گشتی بواری ئابووری ئیماڕات بەندە بە پیشەسازییەکانی نەوت و بەرهەمەکانی، لەگەڵ بازرگانی و کەرتی گەشتوگوزار.
نەوت و بەرهەمەکانی لە گرنگترین کەرتی ئابووری ئیماڕاتن، لە ساڵی ‌1966ـەوە نەوت لە دووبەی دۆزراوەتەوە و لە 1971 یەکەمین کۆمپانیای پێتڕۆڵ دامەزرا، لەو کاتەوە هەناردەکردنی نەوت بەرزترین قازانج و داهاتی بۆ وڵات دابینکردووە، به جۆرێک کە داهاتی دارایی هەناردەکانی نەوت لە ساڵی 2015 گەیشتە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار، هەروەها نەوتی یەدەگی ئیماڕات بە ڕێژەی 7.61%ـی نەوتی یەدەگی جیهان پێکدەهێنێت.
تاکی ئیماڕاتی ڕێژەی داهاتی ساڵانەی زۆر بەرزە، تەنانەت نزیکەی 9%ـی دەوڵەمەندەکانی جیهان دانیشتووی شاری ئەبوزەبین.
دراوی ئیماڕات بریتییە لە "درهەمی ئیماڕاتی" بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نرخێکی جێگیری هەیە. 

کەرتی گەشتوگوزار لە ئیماڕات

گەشتوگوزاری ئیماڕات لە گرنگترین و پێشەنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی جیهانە، چەندان شوێن و ناوچەی مێژوویی بایەخداری لەخۆگرتووە، بەهۆی پێکهاتەی جوگرافی و خاکەکەی خاوەن زۆرێک لە ناوچەی بیابانی و کەناراوی ناوازەیە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە تەلاری هەوربڕ و باڵەخانە و مۆزەخانەی تایبەتی و شوێنەواری مێژوویی لە ئیماڕات بوونیان هەیە و بوونەتە شوێنی گەشتیاری، دیارترین نموونەی شوێنە گەشتیارییەکانی ئیماڕات:
ـ بورجی خەلیفە لە دووبەی
ـ مزگەوتی شێخ زاید لە ئەبوزەبی
ـ مزگەوتی بەدییە
ـ شاخەکانی حەجەر
ـ شاخی جیس
ـ دوورگەی دار خورماکان لە دووبەی
ـ مۆزەخانەی شارستانییەتی ئیسلامی شاریقە
ـ مۆزەخانەی لۆڤەر لە ئەبوزەبی
ـ مۆزەخانەی هونەریی شاریقە
ـ مۆزەخانەی موستەقبەل لە دووبەی
ـ ئۆپێرای دووبەی
ـ باخچەی موعجیزە لە دووبەی
ـ باخچەی پەپوولەکانی دووبەی
ـ باخچەی سەفاری دووبەی


سەرچاوەکان



1745 بینین