شانشینی عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-23-19:41:00 - کۆدی بابەت: 9138
شانشینی عێراق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شانشینی هاشمیی عێراق یان شانشینی عێراق (بە ئینگلیزی: Hashemite Kingdom of Iraq، بە عەرەبی: المملکة العراقية الهاشمية) یەکەم دەسەڵاتی عێراقە لە سەردەمی مۆدێرن، لە ساڵی ١٩٢١ـەوە لە دوای دەستنیشانکردنی شا فەیسەڵی یەکەمەوە وەک پاشا بە فەرمی دەستی پێکردووە، بەڵام تاوەکوو ساڵی ١٩٣٢ سەربەخۆیی بەدەست نەهێنا، کە بووە یەکەمین وڵاتە عەرەبییەکان لە دەست بەریتانیا سەربەخۆ بوون.

شانشینی عێراق دوای کاردانەوەی ڕاپەڕینی گەورەی عەرەبی دامەزرا، چونکە شەریف حسێن کوڕی عەلی باوکی شازادە فەیسەڵ، لە تەماحی بنەماڵە شاهانەیە عەرەبەکانی ناوچەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرکردایەتی دەوڵەتی عەرەبی و گواستنەوەی سیستمی جێنشینی کە لە ئیستەنبووڵ داڕما دەترسا. ئەوانیش بریتین لە: بنەماڵەی سعوودی لە نەجد و حیجاز، بوون بە بنەماڵەی فەرمانڕەوا لە خاکە پیرۆزەکانی ئیسلامی، مەککە و مەدینە، بنەماڵەی هاشمی، سەرکردەی ڕاپەڕینی گەورەی عەرەبی لە باکووری نیمچەدوورگەکە و شام و عێراق، هەروەها بنەماڵەی فەرمانڕەوا لە بنەماڵەی محەمەد عەلی لە میسڕ.

ئەم سەردەمە تا مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٨ بەردەوام بوو، کە عێراق چووە ناو قەوارەیەکی نەبەستراو لەگەڵ ئوردن بە ناوی (یەکێتیی عەرەبی هاشمی) لە بەرامبەر یەکگرتنی میسڕ و سووریا (کۆماری عەرەبی یەکگرتوو)، بەڵام یەکێتیی هاشمی تەنیا چەند مانگێکی خایاند و بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ تەمموزی عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ کۆتایی بە دەسەڵاتی هاشمییەکان لە عێراق هێنا.

شۆڕشی عەرەبی و شۆڕشی بیستەم

لە ئەنجامی ڕاپەڕینی زۆربەی دەوڵەتانی پێشووی عوسمانی، لە شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی بیستەم لە عێراقدا، دژی ئەو دوو زلهێزەی ئەو سەردەمە، کە بەریتانیا و فەڕەنسا بوون، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پشتیوانیکردنیان دابوو شۆڕشی عەرەبی و لەجێیدا سیاسەتی کۆلۆنیالیزم و زاڵبوونیان جێبەجێ کرد، ئەو زلهێزانە بڕیارەکانی کۆنفرانسی قاهیرەیان لە ساڵی ١٩٢١ جێبەجێ کرد، کە وینستن چەرچڵ، وەزیری کۆلۆنیالی بەریتانیای ئەو کاتە ئامادەی بوو، کە بڕیاری دابەشکردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان و جیاکردنەوەیانی لە یەکتر دا، بە پێدانی سەربەخۆیی بۆ هەریەکەیان، دوای ئەوەی ئەو زلهێزانە سێ پێوەریان بەسەر عەرەبەکاندا سەپاند کە دوای لەدەستدانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دەبێت پەیڕەوی بکەن، کە بریتییە لە دابەشکردنی ئەو دەوڵەتە عەرەبانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون بەسەر دەوڵەتی سەربەخۆدا و ڕێگریکردن لە یەکگرتنیان، هەڵوەشاندنەوەی سیستمی جێنشینی و بەکارنەهێنانی لە هیچکام لە دەوڵەتە عەرەبییە نوێیەکان، پەسەندنەکردنی یاسای ئیسلامی لە یاسادانان و سیستمی حوکمڕانیدا.

ئەنجوومەنی دامەزرێنەری شاهانە

ئەنجومەنی دەستوور لەلایەن بەشێک لە سەرکردە و سیاسەتمەداران و کەسایەتییە ناسراوەکانی عێراق پێکهێنرا، کە بریتیین لە نووری سەعید پاشا، ڕەشید عالی گەیلانی، جەعفەر عەسکەری، یاسین هاشمی و عەبدولوەهاب بەگ نەعیمی، کە بە نووسینی نامەنووسی تایبەت بە دامەزراندنی شانشینی عێراق ناسرابوو. کە تێیدا سەرپەرشتی بەغداد، عەبدولڕەحمان گەیلانی بە سەروەزیرانی عێراق هەڵبژێردرا، و شازادە فەیسەڵی یەکەمی وەک پاشا لەسەر تەختی عێراق ڕاگەیاند، دواتر لە ٢٣ی ئابی ١٩٢١ تاجی لەسەر نرا.

یەکەم شانشین

یەکەم شانشینی عێراق بە سەرۆکایەتی پاشا فەیسەڵی یەکەم و غازی یەکەم، سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ژێرخانی بوو، بە نیشتمانپەروەری و تەماح بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک کە میوانداری پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی نوێ بکات دوای ڕووخانی لە تورکیا تایبەتمەند بوو، هەروەها کێبەرکێی لەگەڵ بنەماڵەی شاهانە لە میسڕ و بنەماڵەی سعوودی لە حیجاز دەکرد. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم دەوڵەتە گێڕانەوەی یەکڕیزیی نێوان دەوڵەتە عەرەبییەکان بوو کە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابڕابوون، پاشا فەیسەڵی یەکەم بە حیکمەت و دیپلۆماسیەت و دوورکەوتنەوە لە ڕووداوە سەختەکان ناسرابوو لە ناوخۆی خۆی و سیاسەتی دەرەکی بە تایبەت لەگەڵ بەریتانییەکان.

بەڵام ماوەی پاشا غازی یەکەم لە ١٩٣٣ بۆ ١٩٣٩ و دواتریش وەزارەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە ١٩٤١ کە دژی دەستتێوەردانی بەریتانی بوو لە عێراق، فراوانترین کاریگەری و دەنگدانەوەی لەنێو شەقامی عێراقیدا هەبوو، کە بە هاتنەناوەوەی سوپای بەریتانیا بۆ ناو عێراق و ڕووخاندنی حکوومەت بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستراتیجییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم لە عێراق و ناوچەکەدا نائومێد بوون.

لە ٢٣ـی ئابی ١٩٢١ تاجی پاشایەتی عێراق لە سەری شازادە فەیسەڵی یەکەم دانرا و عەبدولڕەحمان نەقیب گەیلانی بە سەروەزیران دەستنیشانکرا، پاشان دوای ساڵێک عەبدولموحسین سەعدوون بووە سەروەزیران تاوەکوو ٨ی ئەیلوولی ١٩٣٣، فەیسەڵی یەکەم لە کاتێکدا لە شاری بێرن بوو لە سویسرا، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

شا غازی یەکەم

دووەم پاشای عێراق بوو و حوکمڕانیەکەی لە ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٣٩ درێژەی کێشا، لە ساڵی ١٩٢٤ بە شازادەی جێنشین دانرا، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا دەسەڵاتی گرتە ئەستۆ، شا غازی مەیلی یەکگرتووی عەرەبی هەبوو. غازی دژی دەسەڵاتی بەریتانیا بوو لە عێراق و بە بەربەستی بەردەم بنیاتنان و گەشەپێدانی ئەو دەوڵەتە گەنجەی عێراقی دەزانی، هەروەها بە بەرپرسی دەزانی لە تاڵانکردنی نەوت و سامانی شوێنەوارە تازەدۆزراوەکانی، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​نیشانەکانی لێکنزیکبوونەوەی لە حکوومەتی هیتلەر پێش جەنگی جیهانیی دووەم دەرکەوت. 

دووەم شانشینی عێراق

شانشینی دووەمی عێراق لە قۆناغی دوای دەرچوونی هێزەکانی بەریتانیاوەیە، کە بە پێکهێنانی وەزارەتی نوێی نووری سەعید پاشا دەستی پێکرد، کە کەسێک بوو زۆر دڵسۆزی هاشمییەکان بوو. بە دەستبەکاربوونی شا فەیسەڵی دووەم بۆ حوکمڕانی وڵات لە ساڵی ١٩٥٣، سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد، دوای ئەوەی گەیشتە تەمەنی یاسایی و بە فەرمی تەختی لە خاڵی، واتە شازادە عەبدولئیلاھ وەرگرت. ئەو ماوەیەی کە پاشا فەیسەڵی دووەم بەسەری برد، بە ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە تایبەتمەند بوو، ئەمەش دوای دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاوەدانکردنەوە، کە پلانی بەردەوامی بۆ گەشەپێدانی پایتەخت بەغدا و شارەکانی تری عێراق دانا.

لەسەر ئاستی سەربازییش، کاریگەرییەکانی پەیمانی بەغداد لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ناو ڕیزەکانی سوپای عێراق دەستی بە دەرکەوتن کرد. سوپای عێراق سەرکەوتوو بوو لە تێپەڕاندنی ڕووداوەکانی شۆڕشی ئایاری ١٩٤١ و شەڕی فەڵەستین لە ساڵی ١٩٤٨، توانی جارێکی تر ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە.

لە ئاستی سیاسییشدا وڵات بەهۆی نەبوونی ناکۆکی حیزبی یان کێشەی نێوان سیاسەتمەداران، شاهیدی سەقامگیری بوو. لە شوباتی ١٩٥٨ یەکێتیی عەرەبی ڕاگەیەندرا، کە بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە پاشای عێراق بوو بە پاشای یەکێتییەکە و بەغدادیش بە پێی بڕیارەکانی یەکێتی بوو بە پایتەختی خولیی یەکێتییەکە، دوای شەش مانگ عەممان دەبوو بە پایتەخت. هەر لەو ساڵەدا شاهیدی پێکهێنانی یەکەم حکوومەتی یەکێتیی عەرەبی بوو.

کۆتاییی شانشین

لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی ١٩٥٨دا، کودەتای ١٤ی تەممووز ڕوویدا، کە بە کوشتنی شا فەیسەڵی دووەم کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنا. پاشان یەکێتیی عەرەبی هەڵوەشاندەوە و پەیمانی بەغدادی شکست پێ هێنا.

کۆمەڵێک ئەفسەری سوپا بە ناوەکانی عەبدولکەریم قاسم وەک سەرکردە و سەرهەنگ عەبدولسەلام عارف و پێشەنگ عەبدولسەتار عەبووسی کە ئەرکی بەرگریکردن لە سنوورەکانی ڕۆژاوایان پێ سپێردرابوو، دەستیان بە جووڵە کرد و بە کودەتایەک کۆتاییان بە بنەماڵەی پاشایەتی هێنا. لە کۆشکی ڕحاب، کە شوێنی مانەوەی بنەماڵەی پاشایەتی بوو، نزیکەی تەواوی ژن و پیاو و منداڵەکانیان کوشت. دوای کودەتا، کۆماری عێراق دامەزرا.


سەرچاوەکان



750 بینین